لە هەرێمی کوردستان نرخی بەشێکی خۆراکەکان بەرزدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی بەشێک لە مادە خۆراکییەکان بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی رۆنی شل و برنج. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانیش دەڵێت، "وەستانی حەواڵەی دۆلار و بەرزبوونەوەی 400٪ـی گومرگ لە عێراق هۆکاری سەرەکین."
 
ئەردەڵان ئیبراهیم، خاوەنی هەرزان بازاڕێک لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی سەرەکیی خۆراک نرخیان کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام چونکە ماددەکان پێشتر هاوردەکراون، هێشتا لە بازاڕدا بەرزبوونەوەی نرخەکە بە تەواوی دەرنەکەوتووە."
 
بەگوێرەی گوتەی ئەو کاسبکارە، کارتۆنێک رۆنی شل لە 42 هەزار دینارەوە بووەتە 48 هەزار دینار (6 هەزار دینار گران بووە). هەروەها فەردەیەک برنج دوو بۆ سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە. تەنانەت نرخی عەلاگەش کە رۆژانە بەکاردێت، فەردەیەکی لە 30 هەزار دینارەوە بۆ 39 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
بۆچی نرخەکان بەرزبوونەتەوە؟
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکارەکانەوە بە رووداوی گوت: "لە یەکی ئەم مانگەوە حکومەت هیچ دۆلارێکی بۆ بازرگانان حەواڵە نەکردووە؛ بازرگانان ناچارن لە بازاڕدا دۆلار بە گران بکڕن، ئەمەش نرخەکان بەرز دەکاتەوە."
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمی ئەسیکۆدا (Asycuda) حەواڵەی دۆلاری بۆ بازرگانان قورس کردووە.
 
هۆکارێکی دیکەی سەرەکی، پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت: "حکومەتی عێراق ئەم ساڵ گومرگی بە رێژەی نزیکەی 400% بەرزکردووەتەوە. پێشتر بۆ کۆنتێنەرێک لە بەسرە نزیکەی دوو هەزار دۆلار گومرگ دەدرا، بەڵام ئێستا نزیکەی 15 هەزار دۆلار وەردەگیرێت، ئەمانە بازاڕیان شڵەژاندووە."
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن، ئەگەری هەیە نرخەکان لەوەی ئێستا هەیە، بەرزتر ببنەوە.