خانەنشینیی پێشمەرگە: 80٪ـی مامەڵەی خانەنشینانی 2024 تەواو کراون
رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، نزیکەی 80٪ـی مامەڵەی ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵی 2024 خانەنشین بوون، تەواو کراون و دەشڵێت: "تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات، هەموو ئەو مامەڵانەی کێشەی یاساییان نییە، تەواو دەکرێن."
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ـی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "لە کۆی پێنج بۆ شەش هەزار مامەڵەی ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵی 2024 خانەنشین بوون، نزیکەی چوار هەزاریان تەواو کراون و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراون بۆ خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان."
سەبارەت بە وادەی کۆتاییهێنان بە مامەڵەکان، فەتحوڵڵا عومەر گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات، هەموو ئەو مامەڵانەی کێشەی یاسایی و کەمیی بەڵگەنامەیان نییە، تەواو بکرێن و رەوانەی دارایی بکرێن."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی مووچەی ئەو پێشمەرگانەی بەم دواییانە خانەنشین بوون، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکارەکە "لەلای بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی نییە"، بەڵکو بەهۆی ئەو سیستمە نوێیەوەیە کە لەگەڵ عێراق رێککەوتنی لەسەر کراوە و "بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مووچەکانیان لە لیستی مووچە دەبڕدرێت تاوەکو مامەڵەکانیان بە تەواوی کۆتایی دێت."
ئەو بەرپرسە هۆکاری سستیی بەڕێوەچوونی مامەڵەکانیشی روونکردەوە و گوتی، هەر دۆسیەیەک سێ قۆناخی وردبینی دەبڕێت؛ "جارێک لە یەکەکانی 70 و 80، جارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە و جارێکیش لە وەزارەتی دارایی، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی رۆتینیی مامەڵەکانە."
لەبارەی دۆسیەی خانەنشینیی ئەفسەرانی یەکەی 70، فەتحوڵڵا عومەر گوتی: "فەرمانی هەرێمی بۆ ئەفسەرانی یەکەی 70 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە و ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە؛ چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و پاشان مامەڵەکانیان لای ئێمە کۆتایی پێدێت."
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵی 2025 خانەنشین بوون، زیاتر لە هەزار پێشمەرگە بووە. فەتحوڵڵا عومەر باسی لەوەش کرد کە لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی خزمەتەکانیان بەپێی "یاسای ژمارە 38" بۆ هەژمار بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیشدا، تاوەکو ئێستا دۆسیەی 21 هەزار و 538 خانەنشینی پێشمەرگە وردبینییان بۆ کراوە و میلاکەکانیان گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.