شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق نەیتوانی پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە و دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست. بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات.
 
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق چەقی بەستووە. پارتی و یەکێتی هێشتا پێداگیری لەسەر بەربژێرەکانیان دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوانیاندا نییە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. شاندەکە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
ئامانجی سەردانەکە، یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار و تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی ئەمریکایە سەبارەت بە ئەگەری بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
فوئاد حوسێن، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا گوتی: "دوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان چاوەڕێ دەکەین بزانین چی روودەدات. بێگومان کۆبوونەوە و گفتوگۆ دەبێت لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکوەزیران، دواتریش لەنێوان شاندی چوارچێوە و کوردستان کۆبوونەوە دەکرێت."
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق هیوای خواست "برایانی شیعە لە چوارچێوە، دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە بەباشی بخوێننەوە بۆ ئەوەی عێراق تووشی قەیرانێکی دیکە نەبێت."
 
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەش کرد سوننەکان و بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران ئەمڕۆ نەچوونەتە هۆڵی پەرلەمان و تێبینییان لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەیە.
 
لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا ناکۆکی لەسەر بەربژێرکردنەوەی نووری مالیکی دروستبووە؛ بەشێکیان هەست بە مەترسیی هەڕەشەکانی ئەمریکا دەکەن و بەشێکی دیکەشیان سوورن لەسەر دانانەوەی.