مەسرور بارزانی بۆ رووداو: لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و ئاماژە بەوەش دەکات، پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پرسی جیاوازن و تێکەڵ بە یەکدی ناکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لە پەراوێزی رێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدانی 1ـی شوباتدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک مژاری تایبەت بە هەرێمی کوردستان، عێراق، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە رێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق کرد و رایگەیاند: ''جەنابی سەرۆک بارزانی رۆڵی سەرەکی بینیوە لە لێکتێگەیشتنی لایەنەکان، بۆ ئەوەی گرژییەکان رابگیرێن، ئاگربەست بکرێ و بەردەوام بێ.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست رێککەوتنی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا فراوان بکرێ، ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ''دڵخۆشین بەوەی کە شەڕ بوەستێ و مافەکانی خەڵکی سووریا، بەتایبەتی کورد بە شێوەیەکی یاسایی لە دەستووردا جێگیر بکرێن و ئاشتی بێتە ئاراوە، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە.''
دوای چەند هەفتە لە شەڕی سەخت لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەم، رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق واژۆ کرا کە تەواوکەری ئەو ئاگربەستەیە لە 22ـی کانوونی دووەم لەنێوانیان راگەیێندرابوو.
''لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین''
مەسرور بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، باسی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد و ئاماژەی دا: ''هێشتا (لەگەڵ یەکێتی) هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.''
چاوەڕوان دەکرێ شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەردانی هەولێر بکەن. جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: ''چاوەڕێین بزانین لە دیداری ئەو شاندە و سەرۆک بارزانی چی روودەدات. ئەو کاتە بەپێی پێداویستییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، چی بە بەرژەوەندی بێ، ئەو بڕیارە دەدەین.''
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکی، رێککەوتنی نێو ماڵی کوردە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق."
جێگری سەرۆکی پارتی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: ''دوو پرسی جیاوازن، هەڵبژاردنی کوردستان لێرە کراوە، هەڵبژاردنێکی دیکەش لەسەر ئاستی عێراق کراوە، پێموانییە ئەمانە تێکەڵ بکرێن و هیچ لە شتەکان بگۆڕێ. بۆیە ئێمە بە دوو پرسی جیاواز تەماشای بابەتەکان دەکەین.''
کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە و تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن.