شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رێکخراوی بەدر ئاشکرای دەکات، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر دەکەن و بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە. بڕیارە شاندەکە هەمان رۆژ سەردانی سلێمانیش بکات.
 
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر بکەن.
 
بە گوتەی مەساری، شاندەکە پێکهاتوون لە (هادی عامری، محەممەد شیاع سوودانی و موحسین مەندەلاوی)، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببنەوە.
 
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە، ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر گوتی، "ئامانجی سەرەکی، رێککەوتنی نێو ماڵی کوردە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق." هاوکات بەهۆی "نەبوونی رێککەوتن"ەوە، بە دووری دەزانێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت.
 
هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەستەمە" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە هۆکاری سەرەکیی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکە بۆ نێو ماڵی شیعە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، هۆکارەکە بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە نێو ماڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هەیە، کە "لەسەر بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناکۆکن."
 
سیپان شێروانی گوتیشی، "راستە بەشێک لە هۆکاری بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەهۆی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتییە لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار، بەڵام ئەگەر لایەنە شیعەکان لەنێو خۆیاندا کێشەیان نەبووایە، ئەوا زۆر چاوەڕێی کوردیان نەدەکرد و دانیشتنی پەرلەمانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکرد."
 
لە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی شەممەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران پرسێکی دەستووریی تەواو عێراقییە و دەبێت "دوور لە هەر کارپێکردن و گوشارێکی دەرەکی" بێت. هەروەها جەختی لە دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگی نێودەوڵەتی کردووەتەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن و دەستوەرنەدان.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکیسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، شاندەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ تاوتوێکردنی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران سبەی سەردانی هەولێر دەکات. بە دووریشی زانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشیمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 1-2-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کە سەردانی هەولێر دەکات، هەمان رۆژیش سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە پرسی بەربژێرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تاوتوێ دەکات.
 
بەپێی کارنامەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. کارنامەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەم، سوێندی دەستووریی چەند جێگرەوەیەکی پەرلەمانتاران و دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
 
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، یەکێک لە 19 بەربژێرەکەی پۆستی سەرۆککۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ "ئەستەمە".
 
بەگوتەی ئەو بەربژێرە، چارەنووسی کۆبوونەوەکە کەوتووەتە سەر سازانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، "ئەگەر سازان لەنێوانیان بکرێت کۆبوونەوەکە دەکرێت، ئەگەر نا ناکرێت". عەلیاوەیی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی نەسازان و رێکنەکەوتوون".
 
کێبڕکێی سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە و تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەر بەربژێرەکانیان سوورن.