لومۆند: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی سەرەکیی لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دا گێڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بە وردەکاریی ئەو ئاگربەست و رێککەوتنە دەکات کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆکراوە؛ دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی لە نێوەندگیریی نێوان هەردوولادا هەبووە.
رۆژنامە فەرەنسییەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، دوای سێ هەفتە لە شەڕ و پێکدادان، ئاسۆکانی جەنگ لە نێوان دیمەشق و کوردانی رۆژئاوای کوردستان دوورکەوتوونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی راگوزەر و هەسەدە لە 30ی کانوونی دووەمدا گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە کارگێڕییەکانی شارە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.
رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە نێوەندگیرییەکەدا
لومۆند نووسیویەتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، "رۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیریی نێوان لایەنەکاندا گێڕاوە" بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە.
سەبارەت بە رێککەوتنەکە، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە "چوارچێوەیەک بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو کە تێیدا مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووری داهاتوودا پارێزراو بن."
لە لایەکی دیکەوە، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی باڵای بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی قووڵی خۆی بۆ نێوەندگیرەکان دەربڕیوە کە هەوڵی زۆریان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە داوە.
نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە و دەستکەوتەکان
لۆمۆند پێیوایە، هەرچەندە دیمەشق توانیویەتی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچە عەرەبییەکان و کێڵگە نەوتییەکاندا بسەپێنێتەوە، بەڵام کورد دەستکەوتی گرنگیان لە رووی مافە نەتەوەییەکانەوە بەدەستهێناوە، لەوانە:
• داننان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانەکاندا.
• ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک پشووی فەرمی لە سووریا.
• چارەسەرکردنی پرسی بێبەشبوونی هەزاران کورد لە ناسنامە (ئەوانەی لە سەرژمێریی 1962 بێبەشکرابوون).
• تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە لە نێو وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا لە چوارچێوەی لیوای تایبەتدا.
ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردن
لومۆند ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنەکەدا هەیە. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رایگەیاندووە ئەوان بۆ رێگریی لە خوێنڕشتن رێککەوتنەکەیان واژۆکردووە، بەڵام بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تاوەکو هەموو دەستکەوتەکانیان بە گەرەنتییەکی دەستووری جێگیر دەکرێن.
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 28ی کانوونی دووەم، نەرمیی زیاتری لە دانوستانەکاندا نیشانداوە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوخۆیی نوێ بکات.