لە شارەزوور ژنە کرێکارێکی دووگیان لە کاتی کاردا گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (1-2-2026)، ژنە کرێکارێکی تەمەن 30 ساڵ لە کاتی کارکردن دا لە کارگەیەکی ئاو لە قەزای شارەزوور، لە بەرزییەوە کەوتە خوارەوە و بەو هۆیەوە خۆی و کۆرپەکەی نێو سکی گیانیان لەدەستدا.
 
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژنە کرێکارەکە ناوی (کیژێ رزگار)ـە و تەمەنی 30 ساڵە؛ لە کارگەی ئاوی (ر. ن) لە شارەزوور کاری کردووە. لە کاتی کارکردندا لە بەرزییەوە کەوتووەتە خوارەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی هەڵەبجەی تازە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
 
سەرۆکی سەندیکای کرێکاران سەبارەت بە زانیاریی کەسیی کرێکارەکە ئاشکرای کرد، کیژێ دایکی منداڵێک بووە و دووگیانیش بووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە و رێکارەکان، عوسمان زیندانی ئاماژەی بەوە کرد، بەدواداچوونی ورد بۆ هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو ژنە دەکەن و گوتیشی: "بە راوێژ لەگەڵ خێزانی کۆچکردوو، خاوەن کارگەکە دەدەینە دادگە بۆ لێکۆڵینەوە لە پارێزراوی و مەرجەکانی سەلامەتی لە شوێنی کارەکەدا."
 
تەرمی کیژێ رزگار رادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە قەزای شارەزوور (هەڵەبجەی تازە) بەخاک بسپێردرێت.