بەنزیخانە حکومییەکانى کەرکووک درانە دەست سوپا
رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیارى ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکووک، ئەرکى رێکخستنى پرۆسەى دابەشکردنى بەنزین لە وێستگە حکومییەکانى ئەو شارە سپێردرا بە فەوجى مەغاویرى سوپاى عێراق، گوتەبێژى پارێزگاکە دەڵێت: "ئەو هەنگاوە کاتییە بۆ رێگریی لە قەرەباڵخییە لە وێستگەکاندا".
ئەمڕۆ سێشەممە (1ى ئازارى 2022 ) بەشێوەیەکى فەرمى فەوجى مەغاویرى سەر سوپاى عێراق، لە برى پۆلیسی نەوت، ئەرکى رێکخستنى پرۆسەى دابەشکردنى بەنزینى لە وێستگە حکومییەکانى سووتەمەنى کەرکووک پێسپێردرا.
مەروان عانى، گوتەبێژى پارێزگاى کەرکوک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ ئەو هەنگاوە کاتییە بۆ رێگرتنە لە جەنجاڵى لەنێو وێستگەکانى سووتەمەنى حکومیدا، بەتایبەت کە بەهۆى ئەوەى نرخى بەنزین لە کەرکووک بەراورد بە شارەکانى دیکەى هاوسێى کەمترە، بەشێک لە شۆفێرانى ئەو شارانە لە کەرکووک بەنزین وەردەگرن".
مەروان عانى گوتیشى: "ئەرکى هێزى مەغاویر لە دەروازەى بەنزیخانەکان دەبێت کە رێکخستنى پرۆسەکەیە لەبرى پۆلیسی نەوت و فەرمانبەرانى بەنزینخانەکان کە پێشتر ئەو کارەیان دەکرد، ئەو گۆڕانکارییە لەسەر داواى هاووڵاتیانى کەرکووک بووە".
لە سنوورى پارێزگاى کەرکوک 22 وێستگەى حکومیى دابەشکردنى سووتەمەنى هەن، کە بەنزین و گازوایل دابەش دەکەن.