تەرمی کارمەندی رێستۆرانتێکی سلێمانی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی گەنجێک لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە کە کارمەندی رێستۆرانتێکە. خاوەنی رێستۆرانتەکەش خەڵکی باکووری کوردستان بوو و پێش نزیکەی دوو ساڵ لە سلێمانی کوژرا، بەڵام کەسێکی ئاگادار دەڵێت، گەنجەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، گەنجەکە کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە، ئەمڕۆ هەینی تەرمەکەی بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.
 
جارێ بۆ لایەنە ئەمنییەکان روون نەبووەتەوە کە خەڵکی باکووری کوردستانە یان هەرێمی کوردستان.
 
رێستۆرانتەکە لە گەڕەکی بەختیاریی سلێمانییە و خاوەنەکەی ناوی زەکی چەلەبی بوو کە کاژێر 11:30ـی شەوی سێشەممە، 17ی ئایاری 2022، دوو چەکداری دەمامکدار، لە یەکێک لە قەرەباڵخترین شەقامەکانی سلێمانی لەسەر ماتۆرسکیلێکەوە تەقەیان لێکرد و بە سەختی برینداریان کرد، پاشان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 
 
رێستۆرانتەکەی زەکی چەلەبی ناوی دەنیزە. 
 
ئەوکات میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، "زەکی چەلەبی لەلایەن میتی تورکیاوە شەهید کراوە."
 
ئەوەی دوو رووداوەکە پێکەوە گرێدەدات ئەوەیە، ئەو گەنجەی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە کارمەندی هەمان رێستۆرانت بووە. دەنگۆیەک هەیە کە "خۆی خۆی خنکاندبێت،" بەڵام لایەنە ئەمنییەکان ئەوە پشتڕاستناکەنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی چۆنێتی رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ لەبەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی، کەسێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. میدیای نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، "لەلایەن میتی تورکیاوە کوژراوە." 
 
ئەو کەسەی دوێنێ کوژرا ناوی د. عەبدولقادر سەبری تۆپراقە و ناسرابوو بە دکتۆر سەبری، لەدایکبووی 1989ـی شاری بتلیسی باکووری کوردستان بوو، ماوەی 12 ساڵ بوو لە سلێمانی دەژیا.
 
دکتۆر سەبری کە دوێنێ کوژرا، ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بوو لە سلێمانی، کە زەکی چەلەبیش ئەندامی هەمان رێکخراو بوو.