هاوپەیمانیی عروبە: گەلی عەرەب بەهیچ جۆرێک رازی نابێت کەرکووک بکەوێتەوە دەستی کورد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عروبە لە کەرکووک ئاشکرای دەکات کە لێکتێگەیشتنی لایەنە عەرەبییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
دەشڵێت، پارتی لە کەرکووک نەتەوەیی بیردەکاتەوە نەک حیزبی هەر بۆیە ئێستا لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان لایەنە کوردییەکاندایە لەبارەی پۆستی پارێزگار و گەلی عەرەبیش بەهیچ جۆرێک رازی نابێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکەوێتەوە دەست کورد.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عروبە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئێستا هەرسێ پێکهاتەکەی کەرکووک عەرەب و کورد و تورکمان لە ناکۆکیی قووڵدان لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان و هیچ لایەنێکیان ئامادەنییە دەست لە پۆستی پارێزگار هەڵبگرێت."
گوتیشی، پێکهاتەی عەرەب مەترسیی هەیە "وەکو ساڵانی رابردوو کەرکووک بکەوێتەوە دەست کورد و هەمان ئەزموونی رابردووی دەسەڵات لە کەرکووک دووبارە بکەنەوە، هەربۆیە گەلی عەرەبی بە هیچ جۆرێک رازی نابێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک بدرێتەوە بە کورد."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا حەمدانی باسی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان لەماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە رۆژی (چوارشەممە، 21-02-2024) نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
لەو بارەیەوە گوتی، سوودانی "دەیەوێت حکومەتێکی خۆجێیی نیشتمانیی بەهێز لە کەرکووک دروستبکرێت، بەڵام نایەوێت دەستوەردان بکات."
"لایەنەکان پێویستە خۆیان رێکبکەون لەبارەی کەرکووک و ئەگەر هەر رێکیش نەکەون ئەوا پێویستە لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکە سازش بکات و ئۆباڵەکەشی بخرێتە ئەستۆی سوودانی،" عەزام حەمدانی وای گوت.
'2 ساڵ بە 2 ساڵ'
عەزام حەمدانی باسی لە سیناریۆیەکی تورکمان کرد بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک بە شێوەی 2 ساڵ بە 2 ساڵ لەنێوان پێکهاتەکان و بە گوتەی ئەو ئەوە سیناریۆیەکی تورکی بووە و رەتکراوەتەوە.
حەمدانی گوتی: لە گفتوگۆکاندا پێکهاتەی تورکمان داوایەک و پێشنیازێکیان هەبووە، داواکارییەکان ئەوەبووە کە بنەمای 32٪ بۆ پێکهاتەکان رەچاوبکرێت لە دابەشکردنی پۆستەکان و پێشنیازەکەشیان ئەوەبووە کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت لەنێوان پێکهاتەکان، بەڵام ئەو پێشنیازە لە بنەمادا پێشنیازی وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو و رەتکرایەوە.
"هیچ سیناریۆ و دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری کەرکووک قبووڵ ناکەین،" حەمدانی وای گوت.
گوتیشی: تەنیا پێکهاتەی عەرەبی یەکگرتووە لە ناوخۆدا لە کەرکووک و هاوپەیمانێتی پێکهێناوە و بە یەک پاکیج دەچێتە گفتوگۆکان، دەنا پێکهاتەی کورد و پێکهاتەی تورکمانیش لەناوخۆیاندا کێشەیان هەیە، بەڵام لایەنە کوردییەکان نەتەوەیی بیردەکەنەوە لە کەرکووک بۆیە ئەگەری رێککەوتنیان زۆرە.
لەبارەی گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکانیش لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک گوتەبێژی هاوپەیمانی عروبە ئاشکرای کرد کە عەرەب و پارتی دیموکراتی کوردستان تا رادەیەکی زۆر لێکتێگەیشتن و نزیکییان هەبوو پێشتر.
بەڵام دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک "نەتەوەیی بیردەکاتەوە نەک حیزبی و هەر بەهۆی ئەو بیرکردنەوە نەتەوەییەشیان ئێستا نزیکی و لێکتێگەیشتنەکەیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک وەکو پێشتر نەماوە."
دوای زیاتر لە مانگێک لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە حکومەتی خۆجێی پێکبهێنێت و پارێزگار هەڵبژێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبێتەوە بۆ گەڵاڵەکردنی رێککەوتنێک لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکووک.