زیاتر لە 590 کەس لە ورمێ لە 5 مانگدا بە گاز ژەهراوی بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای پاییزەوە تاوەکو 21ـی شوبات، لانیکەم 590 کەس لە پارێزگای ورمێ بە گاز ژەهراوی بوون. بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، ورمێ لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سێیەم زۆرترین ژەهراوی بوونی تێدا تۆمار کراوە.
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-09-2024ـوە تاوەکو 21-02-2025، 593 کەس لە پارێزگاکە بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون.
 
فەرزین رەزازادە گوتی، ورمێ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سێیەم زیاترین ئاماری ژەهراوی بوونی بە گاز تێدا تۆمارکراوە. 
 
لەو ماوەیەدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار هەزار و 453 کەس بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە، زۆرترین ژەهراوی بوون لە پارێزگاکانی ئیسفەهان و تاران بوون.
 
20ـی کانوونی دووەمی 2025 بابەک یەکتاپەرست، بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی خێرای ئێران رایگەیاند، لە 22-09-2024ەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 217 کەس بەهۆی ژەهراوی بوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانیان لەدەستداوە.