گرووپێکی مقاوەمە بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی سەر هەولێری لە ئەستۆ گرت

رووداو دیجیتاڵ

گرووپی 'سەرایای ئەولیائولدەم' کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی ئەو گرووپەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
ئەمشەو یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، ئەو گرووپە لە راگەیێندراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە ژمارەیەک درۆن و مووشەکى جۆرى قاریع، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر.
 
چەند هێرشێک بە درۆن کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سیستمی بەرگریی فڕۆکەخانەکەوە تێکشکێنران.
 
دوای کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان ئاگر لە ناوچەکە بەرزبووەوە و لە شەقامی 120 مەتری هەولێریش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنێک چاڵێک لە شەقامەکە دروستبوو.
 
گرووپی سەرایای ئەولیائولدەم رایگەیاندووە، ئەو هێرشانەیان وەک پابەندبوونیانە بۆ تۆڵەسەندنەوەیە بەرامبەر کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
بەرەبەیانی 1ی ئادار، کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە 28ی شوبات راگەیاند.