دوو جار هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ دووجار هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "هێرشەکە بەراورد بە پێشتر بەهێزتر بووە."
 
شێروان جەلال، قایمقامی هەریر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێرشی یەکەم کاژێر 04:43ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بووە و هێرشی دووەمیش کاژێر 08:15 بووە."
 
بەهۆی هێرشەکانەوە دووکەڵ لە ئاسمانی قەزاکە دەبیندرێت. قایمقامی هەریر گوتی، "هەردوو هێرشەکە فڕۆکەخانەی هەریریان کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکی نەبووە."
 
لەبارەی جۆری هێرشەکانەوە شێروان جەلال ئاماژەی بەوە کرد، "هێرشەکان بەراورد بە هێرشەکانی پێشوو بەهێزتربوون، گومانەکان زۆری بۆ ئەوەن درۆن بووبێت."
 
ئەمە یەکەم هێرش نییە دژی هەریر و هەولێر، لە دوێنێوە زیاتر لە 10 هێرشی هاوشێوە کراون و زۆرینەیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە، کە هێزی هاوپەیمانان لە بەشێکیدان.
 
ئەم بەیانییەش بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوای هێرشەکە گرووپێکی چەکداری شیعە بە ناوی سەرایا ئەولیا دەم، بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
جەنگەکەی ئەمجارە دوێنێ 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، وەکو وەڵامێکیش بۆ هێرشەکان، ئێران بە مووشەک چەند وڵاتێکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردە ئامانج.
 
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەر یەک لە عەلی خامنەیی، رێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی شەمخانی، راوێژکاریی سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کوژران.