دڵنیایی دەدرێتە هاووڵاتییانی کەرکووک: کەمیی بەنزین دروست نابێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک دەڵێ، کۆگاکانیان بڕی پێویست بەنزینیان تێدایە و هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە. بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 5 ملیۆن لیتر بەنزین کۆگاکراوە.
 
عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 بە رووداوی راگەیاند، "هێنانی بەنزین بۆ کۆگاکان رۆژانەیە و لە هەردوو پاڵاوگەی بازیان و بێجییەوە بە بەردەوامی بەنزینمان پێدەگات، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین نەکەونە ژێر کاریگەریی هیچ دەنگۆیەکەوە."
 
 پاڵاوگەی بازیان لە پارێزگای سلێمانی یە و پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدینە.
 
سەبارەت بە بڕی سووتەمەنی لە کۆگاکان، عەلی رەبیع گوتی، "داوا لە خەڵك دەکەین کە نەترسن. جگە لەو بڕەی رۆژانەیەی لە هەردوو پاڵاوگەکەوە دەگاتە دەستمان، ئێستا لە کۆگاکانماندا بڕی زیاتر لە 5 ملیۆن لیتر بەنزینمان هەیە."
 
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە، نیگەرانی لای بەشێک لە هاووڵاتییانی کەرکووک دروستبووە. سۆران عەزیز، شۆفێری تەکسی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە لە ترسی روودانی شەڕ و هێرش، نۆرەی بەنزین زۆر قەرەباڵخ بووە. پێشتر زۆر بە ئاسانی و بێ نۆرەگرتن بەنزینمان وەردەگرت، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر روویان لە بەنزینخانەکان کردووە."