نەجات عەلی: پێش تەقینەوەکان رێگە لەسێ ئۆتۆمبێلی دیكە گیراوە

رووداو - مەخموور

بەرپرسی میحوەری مەخموور لە شوێنی تەقینەوەکە گوندی باقرت بە (رووداو)ی راگەیاند "لەنێوان گوندی کۆلژین و باقرت پێش تەقینەوەکە رێگە لەسێ ئۆتۆمبێل گیراوە، بەڵام یەکێکیان دەربازی ناو مەخموور بووە".

نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخموور سەبارەت بە تەقینەوەکانی شەوی پێنجشەممە 31-3-2016 بە رووداوی گوت  "یەکێک لە تەقینەوەکان لەپێش بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و پۆلیسی مەخموور بووە و تەقینەوەیەکی دیکەش لە گوندی باقرت بووە".

نەجات عەلی راشیگەیاند "پێشمەرگە لەنێوان گوندی باقرت و مەخموور رێگەیان لە سێ ئۆتۆمێلی بۆمبڕێژکراو گرتووە و رێگەیان نەداوە بچنە نێو مەخموورەوە، بەڵام یەکێکیان دەربازی ناو مەخموور بووە و پاشان خۆی تەقاندووەتەوە".

شەوی رابردوو لە شارۆچکەی مەخموور و گوندی باقرت دوو تەقینەوە روویاندا، یەکێکیان لەبەردەم قایمقامیەتی و پۆلیسی مەخموور بووە و ئەوەی دیکەیان لە گوندی باقرت بووە.

لە تەقینەوەكەی بەردەم بنكەی پۆلیسی مەخموور سێ پۆلیس شەهیدبوون، بەڵام تاوەكو ئێستا ژمارەی قوربانییەكانی باقرت بڵاونەكراوەتەوە.