گوتەبێژی کۆشکی سپی دەبێتە پێشکێشکاری کەناڵی MSNBC
رووداو دیجیتاڵ
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی دوای جێهێشتنی ئیدارەی جۆ بایدن دەبێتە پێشکێشکاری کەناڵی ئێم ئێس ئێن بی سیی ئەمریکی، ئەوە بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە.
جین ساكی لەم کاتەدا لەگەڵ کەناڵەکە لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی وادەی کارەکەی لە کۆشکی سپی لە کەناڵی MSNBC بەرنامە پێشکێش بکات.
دوو کەسی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە میدیای ئەمریکییان گوتووە، چاوەڕێدەکرێت لە مانگی داهاتووەوە جێن ساکی دەست بە کارە نوێیەکەی بکات.
ئەگەرچی وردەکارییەکانی ئەرکە نوێیەکەی ئاشکرا نەکراون، میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات کە دەکرێت ساکی لەسەر سەکۆی Peacock بەرنامەیەک بەڕێوەببات کە تۆڕێکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی NBCUniversalی کۆمپانیای دایکی MSNBCـییە.
ئەو دوو کەسە باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت سکرتێرە رۆژنامەڤانییەکەی کۆشکی سپی لە NBC News ـیش دەربکەوێت. ئەگەرچی هێشتا گرێبەستی کارەکە تەواونەکراوە، ساکی لەم کاتەدا تەنیا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی NBCUniversal دەکات.
یەکێک لە کەسە ناونەهێنراوەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە کەناڵی CNN بە هەمانشێوە هەوڵیداوە کە خانمە رۆژنامەڤانەکە بۆ نێو ستافەکەی رابکێشێت.
ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی لە نێو ئیدارەی بایدن، جین ساکی رایگەیاند کە بۆ ماوەی نزیکەی یەک ساڵ لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە. پێش ئەو کارەی، ساکی لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی بوو و گوتەبێژی سەرەکیی جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا بوو.