موسەننا ئەمین: زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەخرێنە سەر بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیێنێت، یاسای زیندانییانی سیاسیی عێراق هەموار دەکرێتەوە و زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەونە سەر بەغدا.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە و بەوپێیە بێت، راگوێزراو و ئاوارەکانی هەڵەبجە و هەورامان هەمان ماف و ئیمتیازاتی کەمپی رەفحا-یان دەبێت.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 1ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یاسای زیندانییانی سیاسی عێراق هەموار دەکرێتەوە، ئێستا هەموارکردنەوەکە لە ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەتە، دوو بڕگەی تێدایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە.
موسەننا ئەمین، کە نوێنەری بازنەی هەڵەبجە و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە دەڵێت، "هەمواری یەکەم ئەوەیە زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بخرێنە سەر بەغدا و ماف و ئیمتیازاتەکانیان هاوتای زیندانییانی سیاسیی عێراق بکرێت. دووەم: هەموو ئاوارەکانی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان کە لە لەدوای کیمیابارانەکە ئاوارەی ئێران بوون، هەمان ماف و ئیمتیازاتی کەمپی رەفحا بیانگرێتەوە".
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 1ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراویان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی یاسای زیندانییانی سیاسی بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە کە مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش هاوتای بەغدا بکرێن. هەروەها ئاوارەکانی هەڵەبجە هاوتای کەمپی رەفحا بکرێن. بە هەمان شێوە داوایان کردووە مووچەی کەسوکاری شەهیدان وەک بەغدای لێبکرێت، نابێت لە هەرێمی کوردستان 400 هەزار مووچەکەیان بێت و لە بەغدا ملیۆنێک و 200 هەزار بێت."
ئەندامەکەی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە دەڵێت، لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردووی فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە ئەو داوایەیان لە سەرۆکوەزیران کردووەتەوە و سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە، کە یاسای زیندانییانی سیاسی هەموار دەکەنەوە و مووچەکانیان هاوتای بەغدای لێدەکەن.
چرۆ حەمەشەریف دەڵێت، "مانگی 10ی پاریش، واژۆی 90 پەرلەمانتاری لە فراکسیۆنە جیاوازەکان بە کورد، عەرەب، شیعە و سوننەوە کۆکردووەتەوە و رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە بۆ ئەوەی مووچەی زیندانییانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان هاوتای بەغدا بکرێت و ئاوارەکانی هەڵەبجە هەمان ماف و ئیمتیازاتی کەمپی رەفحایان هەبێت."
کامپی رەفحا لە ساڵی 1991، دوای راپەڕینی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە پارێزگای رەفحا لە سعودیە، بۆ داڵدەدانی دژبەرانی رژێمی بەعس دروستکرا.
کامپەکە لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، زۆربەی دانیشتووانی کامپەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە لەسەر داوای خۆیان رەوانەی ئوسترالیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کران. بەشێکیشیان رەوانەی ئێران کران، دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 کامپەکە داخرا.
بەپێی هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای زیندانییانی سیاسی لە عێراق، ژمارە 35ی ساڵی 2013، کە لە سەردەمی کابینەکەی نووری مالیکی و بە رێککەوتنی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان لە پەرلەمان پەسندکرا، شایستەی رەفحا بەشداربووانی راپەڕینی ساڵی 1991 و هاوژین و منداڵەکانیان دەگرێتەوە، لە ساڵی 2006وە مووچە و شایستەی زیندانییانی سیاسی بۆ پەنابەرانی رەفحا هەژمارکراوە.
بەپێی یاساکە، مووچەی مانگانەی هەر پەنابەرێکی رەفحا، کە زیاتر لە 6 مانگ لە کامپەکە ماوەتەوە لە 1.2 ملیۆن دینار کەمتر نییە، هەروەها سولفەیەکی 5 ملیۆن دیناری دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا، کە کەمتر لە یەک مانگ لە کامپەکە ماوەتەوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە پەنابەرانی رەفحا مافی وەرگرتنی دوو مووچەیان هەیە، پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوون و 30 ملیۆن دینار قەرزی خانووبەرە دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا، یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەبێ مەرج دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا یان میراتگرانی. هەروەها کورسیی خوێندنی باڵا و زەمالەی خوێندن لەسەر تێچووی دەوڵەت دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا.
بەپێی ژمارەی مووچەخۆرانی رەفحا کە ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس دەبێت، ساڵانە نزیکەی 40 ملیار دیناری بودجەی عێراق بۆ ئەو پەنابەرانە تەرخان دەکرێ، ئەمە جگە لە هەموو ئەو شایستە و دەرماڵە و پارانەی کە لە ساڵی 2006ەوە وەک قەرەبوو، چارەسەر، خوێندن و قەرز وەریانگرتووە.