دوو گۆڕانکارى یاسایی لە بەغداوە بەڕێوەن؛ خێزانەکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەمواری یاسایێک لە عێراق هاوارکردنى منداڵ بەسەر دایک و باوک، رووبەڕووى گرتن و پێبژاردنی دەکاتەوە؛ لەهەمان کاتدا لە رێگەی دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقەوە هەوڵدەدرێت لە هەرێمى کوردستان رێگە بە فرەژنی بدرێت.
27ـی ئادار، پەرلەمانى عێراق هەموارێکى یاسای سزادانى عێراقى پەسندکرد، کە لە دوو بڕگە پێکدێت، بەو پێیە هەر کەسێک ئازارى دايك و باوكى بدات لەڕێگەی بێڕێزیکردن، هاوارکردن بەسەریاندا، خۆبێبەریکردن لێیان، جێهێشتنیان یان هەر مامەڵەیەکى دیکەى هاوشێوە، سزادەدرێت بە؛ بەندکردن یان پێبژاردن یانیش هەردووکیان.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق رایگەیاند، ئەو هەموارە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و سزاى کەسی تاوانباریش دەگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن.
هەموارەکە لە مادەى 384 کراوە کە وەکو مادەیەکى دووبارە بە هەمان ژمارە بۆ یاساکە زیاد کراوە.
بڕگەی دووەمى ئەو هەموارە باس لەوە دەکات؛ دایک و باوک یان کەسێک کە لەڕووى یاساییەوە لەبرى ئەوان بێت یان هەرکەسێک کە ئاگادارى تاوانەکە بووبێت، دەتوانێت لەڕێگەى داواکارى گشتییەوە سکاڵا لەسەر ئەو تاوانە تۆمار بکات.
یاساى سزادانى عێراق لە 19ـی تەمووزى 1969 کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردن، 506 مادەیە، بناخەى ئەو یاسایە لە ساڵى 1918 لەلایەن فەرماندەى گشتى سوپاى بەریتانیا لە عێراق دانراوە، کە یاسایەکى بە ناوى یاسای سزادان بۆ ویلایەتى ئەو کاتەى بەغدا داناوە.
ماوەیەکە لەڕێگەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقەوە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنى تەواوى یاساى سزادانى عێراقى و یاساکانى دیکەى بەتایبەت یاسای بارى کەسیێتى لە هەرێمى کوردستان دەستیان پێکردووە، ئەمەش لەڕێگەى هەڵوەشاندنەوەى ئەو هەموارانەى پەرلەمانى کوردستان لەو یاسایانە کردوونى، بە پاساوى ئەوەى بەشێک لەو هەموارانە "نادەستوورین" و لەگەڵ بنەماکانى دەستوورى عێراقدا یەکدی ناگرنەوە.
سکاڵایەک لە 17ـی ئادارى 2024 لە دادگەى فیدراڵى تۆمارکراوە و نوێنەرانى یاسایی پەرلەمانى کوردستانى لێ ئاگادار کراوەتەوە.
ئەو سکاڵایە لەلایەن پارێزەر بەرهەم رەئووف عەلى، لە دژی سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە، لە سکاڵاکەدا داوا دەکات هەموارێکى یاساى بارى کەسى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە، کە لە ساڵى 2008 کراوە و تایبەتە بە فرەژنى.
بەگوێرەى ئەو هەموارە؛ حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ ئەوەى کەسێک بتوانێت ژنی دووەم بهێنێت، کە دەبێت بیان هێنێتەدى ئەگەرنا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
ئەو مەرج و سزایانە لە یاسای بارى کەسیێتى ژمارە 188ـی ساڵى 1959دا نەبوون، کە لە عێراق کارى پێدەکرێت.
بەرهەم رەئووف عەلى لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستی رووداوى عێراق راگەیاند، سکاڵاکەى لە سۆنگەیەکى یاساییەوەیە کە ئەو هەموارە پێچەوانەى دەستووری عێراقە.
بەرهەم رەئووف عەلى دەڵێت "بەگوێرەى هەموارەکە؛ دەبێت هەموو مەرجەکان بهێنرێنەدی ئەوکاتە کەسێک دەتوانێت ژنى دووەم بهێنێت، کەسانێک هەن ژنى یەکەمیان چووەتە بەردەم دادگە و دەڵێت 'رەزامەندم هاوسەرەکەم ژنى دووەم بهێنێت.' بەڵام دادگە دەڵێت 'مەرجەکانى دیکە نەهاتوونەتەدی.' بۆیە رێگە نادات، ئەمەش رێژەى جیابوونەوەى زیادکردووە کە کەسەکە بۆ ئەوەى ژنى دووەم بهێنێت، لە ژنى یەکەم جیادەبێتەوە."
پێشتر لە 30ـی تشرینى دووەمى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ـی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" زانیوە. لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە "ئەگەر مێرد، ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت."
بەگوێرەى بڕگەى پێنجى مادەى 40ـی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگە ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوژینى یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکێش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.