سوودانی بەڵێنی پاداشتی گەورە بە یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، پشتگیریی خۆی بۆ شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیک دەربڕی و بەڵێنی پاداشتی گەورەی پێدان، لە ئەگەری سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال.
رۆژی چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەدنان دەرجال، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیک کرد، کە وەک نووسینگەکەی دەڵێت، پەیوەندییەکە بە مەبەستی "هەواڵپرسین و ئاگاداربوون لە دۆخی یاریزانان و تیمی راهێنەران" بووە، ئەوەش چەند کاژێرێک پێش یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا لە پاشکۆی جیهانیی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سوودانی لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکەی کۆڵیوەتەوە و رایگەیاندووە: "متمانەی هەموو عێراقییەکان بە یاریزانەکانیان گەورەیە، ئەوان دەتوانن بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە یاری بکەن و خەونی گەیشتن بە مۆندیال بێننە دی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە یاریزانان کردووە، هەموو توانای خۆیان لەنێو یاریگادا بخەنە گەڕ و وەک "لاوانی دڵسۆزی عێراق" ناوی وڵاتەکەیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز رابگرن.
سوودانی بەڵێنی پاداشتی دارایی "شایستە و گەورە"ی بە یاریزانان و تیمی راهێنەران داوە، ئەگەر بتوانن بەربەستی بۆلیڤیا ببڕن و بگەنە مۆندیال.
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا لە مەکسیک، بەرەیانی ئەمڕۆ کاژێر 06:00 بەکاتی هەولێر، رووبەڕووی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ببێتەوە، کە سەرکەوتنی عێراق لەم یارییەدا بە واتای گەیشتنی دێت بە مۆندیالی 2026.