بە 556 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان . بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان بە 556 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری و زۆرینەیان بۆ سەر هەولێر بووە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ 1ـی نیسان، هێرشەکان بۆسەر هەولێر گەیشتوونەتە زیاتر لە 428 درۆن و مووشەک. 
 
هێرشەکانی سەر سلێمانی 102 درۆن و مووشەکی تێپەڕاندووە. هەروەها بە 21 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر دهۆک و لە یەک هێرشدا دوو درۆن بۆسەر هەڵەبجە بەکارهێندران.
 
نوێترین ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان :
 
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026 سەرچاوەیەکی باڵای حکومەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە 24 درۆن هێرش کراوەتە سەر هەولێر".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نوێترین هێرش بۆسەر هەولێر کاژێر 11:20ـی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تەنیا لە 10 خولەکدا، هەشت درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
 
کاژێر 12:24ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی دیکە لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
 
درۆنەکانی دیکە لە کاژێر 12:30 لە رۆژهەڵاتنی ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە و زیانی مادییان بە چەند ماڵێک و کۆگایەکی هاونیشتمانیان گەیاند.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، ئەمڕۆ لە کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ 10:30، بە چوار درۆنی دیکە هێرش کراوەتە سەر هەولێر و درۆنەکان لە ئاسمان تێکشکێندران.
 
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت، شەوی رابردوو سێ درۆن لە سنووری قەزای خەلیفان کەوتنە خوارەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە "زیانی گیانی نەبووە".
 
 
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ 1ـی نسیان، بە 556 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.
 
431 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون
 102 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراون
 21 درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک 
 دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 91 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
 
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
 
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
 
‎پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە.
هەروەها سێ درۆنى دیکە لە کێڵگەى نەوتى چەمانکێ کەوتنە خوارەوە.
 
لە سنوورى ئامێدیش، 3 درۆن بەرەبایەنانى ئەمڕۆ یەکێکیان کاژێر 7:45 خولەکى بەیانى، ئەوانی دیکە کاژێر10:25 و یەکێکی دیکە کاژێر 11:45 خولەک.
‎هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە بۆردوومان کراون.
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.