قەیرانی گاز لە کەرکووک؛ وەزارەتی نەوتی عێراق پێدانی گازی LPG بە ئۆتۆمبێلەکان راگرت

رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد، یەکێکە لەو هەزاران شۆفێرەی ماوەی دوو ساڵە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە بە سیستمی گازی LPG. ئەو کە بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە پەنای بۆ ئەم سیستمە بردبوو، ئێستا لەبەردەم وێستگەیەکی داخراو وەستاوە و نازانێت بۆ کوێ بچێت. نەک تەنیا ئەو، بەڵکو قەیرانەکە هەموو ئەو شۆفێرانەی گرتووەتەوە کە پێشتر هاندرابوون سووتەمەنییەکەیان بگۆڕن.
 
ئەحمەد یوسف، شۆفێر لەبارەی ئەو قەیرانەوە بە رووداوی گوت: "چووینە هەموو وێستگەکانی نێو شار، هەمووی داخراوە، یان زۆر قەرەباڵخە یان هەر نییە. هاتینە ئێرە، ئەمەش وەک دەبینن داخراوە."
 
بڕیارەکە لەناکاو بوو. وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریداوە پێدانی گازی LPG بە وێستگەکانی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل رابگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی شۆفێرانی تەکسی دەڵێن بە جۆرێک لە جۆرەکان ناچار کراون سیستمەکە ببەستن، بەڵام ئێستا ناتوانن کار بکەن.
 
وەلید عەبدولرەحمان، شۆفێرێکە لە کەرکووک و دەڵێت: "ئەوە بڕیار هات و گازیش نەما. ئەی ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و تەکسییە چی بکەن؟ تەکسییەکان بەزۆر پێیان کرایە گاز، ئێستا چۆن بژین؟"
 
ئەو وێستگانەی پێشتر رۆژانە زیاتر لە 20 تۆن گازی شلیان پێدەدرا بۆ دابەشکردن، ئێستا خەزێنەکانیان خاڵییە. خاوەن وێستگەکان دەڵێن بڕیارەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە و هۆکارەکەش بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و لەپێشینەبوونی گازی ماڵان دەگەڕێتەوە.
 
ئەحمەد جەودەت، خاوەنی وێستگەیەک لە کەرکووک لەبارەی دۆخی گازی شل قسەی بۆ رووداو کرد: "بەبڕیارێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرجەم وێستگەکانی گازی ئۆتۆمبێل لە هەموو پارێزگاکان راگیران. لیژنەی پلاندانان وایان بەباش زانیوە ئەو بڕە گازەی هەیە، بۆ گازی ماڵان تەرخان بکرێت نەک ئۆتۆمبێل."
 
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە راستەوخۆ لەسەر وێستگەکانی بەنزین دەرکەوتووە. ئەو شۆفێرانەی پێشتر گازیان بەکاردەهێنا، ئێستا گەڕاونەتەوە سەر بەنزین و ئەمەش قەرەباڵغییەکی بێوێنەی دروستکردووە.
 
محەمەد نەسرەدین، شۆفێرە لە هەولێر: "ئێستا نزیکەی کاژێرێک بۆ کاژێر و نیوێکە لێرە وەستاوین بۆ بەنزین. پێشتر بە پێنج خولەک وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی گازەوە هەمووان هاتوونەتە ئێرە."
 
کێشەکە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
 
گازی کێڵگەکان کە هاوەڵە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت، کەمی کردووە. بۆ نموونە لە کۆمپانیای گازی باکوور، بەرهەمهێنان لە 350 هەزار تۆنەوە بۆ 250 هەزار تۆن دابەزیوە، کە بەشێکی زۆریشی رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.