بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لەکەرکووک کەسێک بەسەختی برینداربوو
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026 لەکاتی گەشت و چوونە دەرەوەی هاونیشتمانیان لەناوچەی جەبەل بۆر لەرۆژهەڵاتی شاری کەرکووک، هاوەنێکی کۆنی سەردەمی سوپای پێشووی بەعس بە هاونیشتمانییەکدا تەقییەوەو بە سەختی برینداربوو.
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناوچەی جەبەل بۆر دەنگی تەقینەوە بیستراوە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە دەرکەوتووە، هاوەنێکی 82ملم ی کۆن بەکەسێکدا تەقیووەتەوە و برینداری کردووەو رەوانەی نەخۆشخانە کراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک راشیگەیاند، برینی بریندارەکە سەختەو لەژێر چاودێریدایە و گوتیشی بریندارەکە "ناوی رەزوان محەممەدە لەدایکبووی 1998 ەو دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی"یـە.
عەقید عامر شوانی داوای لەهاونیشتمانییان کرد لە ئەگەری بەرچاوکردنی تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی دەستکاری نەکرێت و راستەوخۆ هێزە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی کارەساتی هاوشێوە روو نەدات.