لافاو گوندێکی سنووری هەولێری بە تەواوی لە ئاوەدانی دابڕیوە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی کورداوە، پەڕینەوە لە رێگایەکی سادە بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیان. قادر و منداڵەکانی، رۆژانە بەم شێوەیە دەبێت سنووری گوندەکەیان ببڕن. ئێرە رێگای سەرەکیی نێوان گوند و دەرەوە بوو، بەڵام ئێستا تەنیا کەند و دۆڵێکی لێ بەجێماوە.
 
لە 19ی ئاداری رابردوو، رێک رۆژێک پێش جەژنی رەمەزان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی "چەمرگە" گوشارێکی زۆری خستە سەر ئەم رێگایە و بە تەواوی تێکیشکاند. دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، کوالێتیی دروستکردنی رێگاکە هۆکار بووە بۆ ئەوەی بە لێزمەیەک باران هەرەس بهێنێت.
 
قادر محەمەد، دانیشتووی گوندی کورداوە: "بەس ئەم رێگایەمان هەبوو، ئەویش کاتی بوو. سەیرکە کۆنکریتەکەیان کردووە و هیچ شیشیان تێنەکردووە. هەر کە ئاوەکە زیادی کرد، بەرگەی نەگرت و رووخا."
 
گوندی کورداوە، تەنیا 45 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێرەوە دوورە. 25 خێزانی ئەم گوندە ئێستا لە دابڕانێکی تەواودا دەژین. لە رۆژی عەرەفەوە، نە ئۆتۆمبێل دەچێتە ناو گوندەکە و نە کەسیش دەتوانێت بۆ کاری پێویست لێی بچێتە دەرەوە.
 
محەمەد قادر، دانیشتووی گوندی کورداوە: "لە رۆژی عەرەفەوە گیرمان خواردووە. ئاژەڵێکمان نەخۆش بێت ناتوانین بیبەینە لای ڤێتێرنەری، منداڵ نەخۆش بێت پزیشکمان دەستناکەوێت. تەنانەت تەماتە و سەوزە و میوەشمان پێناگات."
 
بەنداوی چەمرگە کە لە حوزەیرانی 2024 بە فەرمی کرایەوە، بڕیاربوو ببێتە سەرچاوەی خێر بۆ ناوچەکە، بەڵام بۆ کورداوەییەکان بووەتە هۆی دابڕان. جگە لە رێگا، گوندەکە هیچ هێڵێکی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنیشی تێدا نییە، ئەمەش بارودۆخەکەی قورستر کردووە.
 
سۆهاد حەسەن، دانیشتووی گوندی کورداوە: "چووم خۆراک لە براکەم وەرگرم، چونکە لای ئێمە زوو تەواو دەبێت. یەکسەر ئاوەکە زیادی کرد و پاڵی نام، کۆنکریتەکە شکا و ئاو بردمی. براکەم دەستمی گرت و دەریهێنام، ئەگینا دەمردم. دواتر بە تراکتۆر منی گەیاندەوە ماڵەوە."
 
رەحمیە مەجید، دانیشتوویەکی دیکەیە: "هیچ رێگەیەکمان نییە و راستی گیرمان خواردووە. نە هێڵی ئینتەرنێت و نە تەلەفۆن، کەسمان لێ ئاگادار نییە."
 
گوندەکە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی کەسنەزانە. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن لە کێشەکە ئاگادارن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.
 
سائیب هاروون، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان بە رووداوی گوت: "لیژنەی تایبەتمەندمان راسپاردووە بۆ چاککردنی رێگای گوندەکە و لە نزیکترین کاتدا کارەکان دەستپێدەکەن و ڕێگاکە چاکدەکرێتەوە."
 
تاوەکو ئەو کاتەی بەڵێنەکەی بەڕێوەبەری ناحیە جێبەجێ دەکرێت، دانیشتووانی ئەم 25 خێزانە دەبێت لە نێوان مەترسیی ئاوی بەنداوەکە و بێدەرەتانی دا، چاوەڕێی رێگایەک بکەن کە دووبارە بە شارەکەیان ببەستێتەوە.