بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی: ناتوانین خوێندنی نابینایان و نابیستان بکەینە ئۆنلاین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ڕایدەگەیێنێت، بەهۆی تایبەتمەندیی وانەکان و پێویستیی قوتابیان بە ڕاهێنانی دەستی، پڕۆسەی خوێندن لە پەیمانگەکانی نابینایان و نابیستان بە شێوەی ئامادەبوون بەردەوامە و دەشڵێت: "خوێندنی ئەو توێژانە وەک خوێندنی ئاسایی نییە و بە ئۆنلاین بەڕێوە ناچێت".
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "هەرچەندە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیاریان داوە خوێندن ببێتە ئۆنلاین، بەڵام بۆ ئێمە ئەستەمە؛ چونکە خوێندنی نابینایان پشت بە نووسینی (برایل) دەبەستێت کە دەبێت بە دەست هەستی پێ بکەن، هەروەها نابیستانیش پێویستیان بە زمانی ئاماژە و ئامادەبوونی ناو پۆل هەیە".
سەبارەت بە داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنی خوێندن بە ئۆنلاین، یوسف چاوشین گوتی: "لەو پەیمانگایانەدا ژمارەی خوێندکاران کەمە و لە هەر پۆلێکدا تەنیا 8 بۆ 10 قوتابی هەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
جەختیشی کردەوە، لە پەیمانگەی نابینایان و نابیستان پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن و تاقیکردنەوەکانیان فەرمییە، بۆیە ناتوانرێت وەک ناوەندە پیشەییەکانی دیکە پڕۆسەکە رابگیرێت، بەڵام پەیمانگەی راهێنانی پیشەییان هەیە بۆ خاوەن کەسانی پێداویستی تایبەت، وەزارەتی دەتوانێت ئەو پەیمانگانە بەشێوەی کاتی رابگرێت، بەڵام خوێندن لە پەیمانگەی هیوای نابیستان و نابینایان ئەستەمە.
لەبارەی ئاماری خوێندکاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد: "لە پەیمانگەی هیوای نابیستان 160 خوێندکار و لە پەیمانگەی نابینایانیش نزیکەی 80 قوتابیمان هەیە. جگە لەمانە، چەند پەیمانگەیەکی تری تایبەت بە خوێندکارانی (داون) و (بیرکۆڵ)مان هەیە کە خوێندنەکەیان تەنیا راهێنانی سەرەتاییە".
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر هۆکاری بەردەوامیی دەوامی لەو ناوەندانە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "نابینایان پێویستیان بە بەرنامەی (ناتق)ـی کۆمپیوتەری و راهێنانی کردەیی هەیە کە تەنیا لە ناو پەیمانگاکان بۆیان دەڕەخسێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەسەڵاتیان هەیە بڕیار لەسەر جۆری دەوام بدەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی خوێندنی ئەو فێرخوازانە بپارێزرێت.