ئاکپارتی: زۆر نیگەرانین بە هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئەوان بەو هێرشە درۆنییەی کراوەتە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "زۆر دڵتەنگ و نیگەرانن" و هیوای سەلامەتی بۆ نێچیرڤان بارزانی دەخوازن.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبردنی ناوەندیی پارتەکەی (MYK) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە.
عومەر چەلیک لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک گوتی: "دەمانەوێت هیوای سەلامەتی بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رابگەیێنین. ئەو کەسایەتییەکە کە لە نزیکەوە پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە، راوێژی لەگەڵ دەکەین و مێژوویەکی درێژە دەیناسین."
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "نێچیرڤان بارزانی سیاسییەکە کە سوودێکی زۆری بە دروستکردنی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان تورکیا و باکووری عێراق گەیاندووە. ئێمە بەهۆی ئەم هێرشەوە زۆر خەمبارین و زۆریش خۆشحاڵین کە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە."
عومەر چەلیگ، گوتەبێژی ئاکپارتی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات: خەمبارین بە هێرشەکە و دڵخۆشین کە زیانی گیانی نەبووە pic.twitter.com/WXGcKZic10
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 1, 2026
چەلیک جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدەن و رایگەیاند: "ئێمە هەمیشە لەگەڵ برایانی کوردمانین لە باکووری عێراق و بایەخێکی زۆر بە ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانییان دەدەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات لە رێگەی هەندێک گرووپ و ئەکتەرەوە کوردەکان پەلکێشی ناو شەڕی ئێران بکات، بەڵام گوتی: "برایانی کوردمان لە ئێران و باکووری عێراق زۆر بە ژیرانە مامەڵەیان کرد. سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی کورد بە روونی رایانگەیاند کە بە هیچ جۆرێک نابنە بەشێک لەو شەڕە." هەروەها ستایشی ئەم هەڵوێستەی کوردی کرد و بە "هەڵوێستێکی مێژوویی و سیاسیی بەنرخ" وەسفی کرد.
سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری لە ناوخۆی تورکیا، ئۆمەر چەلیک رایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە بڕیار و سیاسەتێکی دەوڵەتە کە لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و بە هەماهەنگیی هەموو دامەزراوەکان بەڕێوە دەچێت."
چەلیک بۆ هەنگاونان لەڕووی یاساییەوە، پرسی چەکدانانی پەکەکەی وەک مەرج گەڕاندەوە و گوتی: "وەک لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا هاتووە؛ دوای ئەوەی چەکدانان روویدا، ئەو کاتە چاکسازیی یاسایی دەکرێت. پێویستە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانان بەتەواوی کۆتایی بێت، ئەوکات یاسای گونجاو دەردەکرێت. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە تیرۆر بەتەواوی لە ئەجێندای تورکیا و ناوچەکە بچێتە دەرەوە."
لە کۆتاییدا گوتەبێژی ئاکپارتی باسی لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و گوتی: "پێشتریش گوتبوومان ئەگەر هەسەدە چەک دابنێت، دەتوانن وەک پارتێکی سیاسی لە سووریا بمێننەوە و لە پەرلەماندا جێگەیان ببێتەوە. ئەمڕۆ دەبینین لە سووریا یاریدەدەری وەزیری بەرگری کوردە. لێرەش دوای چەکدانانی پەکەکە، پەرلەمان لە چوارچێوەی داینامیکەکانی خۆیدا هەنگاو دەنێت."
عومەر چەلیک جەختی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە "بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوامە بۆ هەموو ناوچەکە" نەک بازاڕکردن لەسەر بەهاکانی نەتەوە و دەوڵەت.