زیانەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 33 رۆژدا
رووداو دیجیتاڵ
لە 33 رۆژی جەنگدا 599 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی رووخاون.
بەپێی دوایین ئامار کە ناوەندی پەیوەندی و زانیاری وەزارەتی رێگەوبان و شارسازی ئێران بڵاوی کردووتەوە، لە ماوەی 33 رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، 39 هەزار و 101 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان پێگەشتووە.
بەگوێرەی ئامارەکە لەو ژمارەیە 599 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە هەر پێنج پارێزگاکە بە تەواوی رووخاون.
بەپێی ئامارەکە پارێزگای کرماشان لە ماوی ئەو 33 رۆژەدا زۆرترین زیانی پێگەشتووە و 13هەزار و 267 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان پێگەشتووە و لەو ژمارەیە 81 یەکە بە تەواوی رووخاون.
لەباری زیانەکانی پارێزگای سنە لەو ماوەیەدا، لە ئامارەکەدا هاتووە 8 هەزار و 407 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بە هۆی بۆدوومانەکان زیانیان پێگەشتووە و 135 یەکە بە تەواوی رووخاون.
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە، 6 هەزار و 991 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگای ئیلام زیانیان بەرکەوتووە و 187 یەکە بە تەواوی رووخاون.
لە بارەی پارێزگای ورمێ لە ئامارەکەدا هاتووە، 5 هەزار و 961 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان پێگەشتووە و 84 یەکە بە تەواوی رووخاون.
بە گوێرەی ئامارەکە لە ماوەی ئەو 33 رۆژەدا 4 هەزار و 475 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان پێگەشتووە و 121 یەکە بە تەواوی رووخاون.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و فڕۆکە جەنگییەکان هێرش دەکەنە سەر پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
تائێستا هیچ ئامارێکی دروست لە سەر ژمارەی گیان لە دەستدان و برینداربوونی خەڵکی سڤیل لە پێنج پاریزگاکەی رۆژهەڵاتی لە بەر دەستدا نییە.