شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، سبەی کەشوهەوا چۆنە؟
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی پاشنیوەڕۆ بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و دواتر ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێ، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەشوهەوای سبەی وەک ئەمڕۆ دەبێت، کەشێکی ئاسایی و بەهاری دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەوە لە هەندێک ناوچە ئەگەری بارانبارین و نمەباران هەیە."
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، کەشوهەوای بەهار زوو زوو دەگۆڕێت و گوتی: "لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی ناجێگیری کەشوهەوا و بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە."
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچەهەوردا دەبێت، پاش نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات؛ سەرەتا لە پارێزگای دهۆک نمەباران و بارانی مامناوەند دەبێت، دواتر شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە.
کەشناسی پێشبینی دەکات رێژەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک زیاتر بێت بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە.
پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە و بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 25 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
پیرمام: 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی