نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنەکانی ئەکیتۆ لە کلدان، ئاشووری و سریانییەکان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی - ئاشووری و جەژنەکانی ئەکیتۆوە، پیرۆزبایی لە کلدان، ئاشووری و سریانییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەژنی ئەکیتۆ دەڵێت، "گوزارشت لە قووڵایی مێژوویی و شارستانیی یەکێک لە پێکهاتە رەسەن و دێرینەکانی وڵاتەکەمان دەکات، هەمیشە دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەمیشەییمان بە پاراستنی یەکسانی، ماف و ئازادییەکان."
 
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ـ ئاشووری (6776) و جەژنەکانی ئەکیتۆوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی کلدان، ئاشووری و سریانی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی جیهان دەکەم. هیوای جەژن و پشوویەکی شاد و ئارامیان بۆ دەخوازم.
 
جەژنی ئەکیتۆ کە گوزارشت لە قووڵاییی مێژوویی و شارستانیی یەکێک لە پێکهاتە ڕه‌سه‌ن و دێرینەکانی وڵاتەکەمان دەکات، هەمیشە دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەمیشەییمان بە پاراستنی یەکسانی، ماف و ئازادییەکان. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نیشتمانی فرەڕەنگی و لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی بۆ هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەمێنێتەوە.
 
له‌ كاتێكدا به‌هۆى دۆخى شه‌ڕى ناوچه‌كه‌وه‌، ڕێوڕه‌سمه‌كان به‌ڕێوه‌ ناچن، هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە سەرچاوەی ئارامى و ئاسوودەیی و پته‌وكردنی زیاتری تەبایی و ژیانی هاوبەش لەنێوان هەموواندا.
 
جەژنی ئەکیتۆ لە هەمووان پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/1