شەش ساڵە هێندەی ئێستا ئاوی ژێر زەوی زیادی نەكردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی دەڵێ، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سلێمانی و دەوروبەری بە شێوەیەكی باش زیادی كردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، "شەش ساڵە هێندەی ئێستا ئاوی ژێر زەوی زیادی نەكردووە."
خومار حەمە نەجیم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ ئاوی ژێر زەویی سلێمانی بە شێوەیەكی باش زیادی كردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پێشوو، 2 تاوەكو 16 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیادی كردووە."
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی باسی لەوەش کرد، شەش ساڵە هێندەی ئێستا ئاوی ژێر زەویی سلێمانی زیادی نەكردووە.
لەبارەی زۆرترین بووژانەوەش ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، "زۆرترین زیادبوونی ئاو لە زۆنی سەرچنار بووە كە 16 مەترە و كەمترینیش لە ناوچەی پیشەسازی بووە كە دوو مەتر بووە."
پێشتر لە ساڵی 2019 كە ساڵێكی پڕ باران بوو، ئاستی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی بەراورد بە پێشتری خۆی، 17 مەتر بەرزبووەوە.