جەنگ حەواڵەی دۆلار و هاوردەی لە عێراق بۆ نزیکەی نیوە دابەزاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمزەوە حەواڵەی دۆلاری فەرمی بانکى ناوەندى عێراق نزیکەی 50% کەم بووەتەوە و بە زیاتر لە هەمان رێژەش هاوردەی کاڵا لە رێگەى ئەو رێکارەوە کەمی کردووە، ئەوەش بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو لە رێگەى کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بانکەکانەوە.
عێراق 33 رۆژى جەنگى تێپەڕاند، سەرەتاى دۆخى ئەمنى و بۆردوومانە نێوخۆییەکان، کێشەی دیکەى ئابوورى بۆ دروست کردووە کە پەیوەندارن بە کەمبوونەوەى هاوردە و دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەهۆی دۆخی جەنگ و داخستنی تەنگەی هورمز، فرۆشتنی دۆلاری بانکی ناوەندی بە بازرگانان بۆ حەواڵەی هاوردەکردنی کاڵا نزیکەی 50% کەم بووەتەوە.
بانکی ناوەندی عێراق بەگوێرەی چەند رێنماییەک و لە رێگەی سیستمى ئەسیکۆداوە، دۆلار بە بازرگانان دەفرۆشێت بۆ ئەوەى حەواڵەی دەرەوە بکرێت، کە بەهای 100 دۆلاری بەرامبەر بە 131 هەزار دینارە.
مەرجی فرۆشتنی ئەو دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ هاوردەکردنی کاڵایە، ئەوەش بۆ رێگری لە بە قاچاخبردنی دۆلار.
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی گوت: "رێژەی گواستنەوەی کاڵا و هاوردەکردنی نزیکەی 60% کەمی کردووە بەراورد بە پێش جەنگ."
لە 28ـی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، وای کردووە هاتووچۆی کەشتی لە تەنگەی هورمز سنووردار بێت کە دەرچەی سەرەکیی عێراقە بۆ هەناردەی نەوت و هاوردەکردنی کاڵا.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی کە بانکەکەی یەکێکە لە بانکە رێپێدراوەکان بۆ حەواڵەی دۆلاری بانکی ناوەندی، بە رووداوی گوت: "وەک خۆمان بەراورد بە بانکەکانی دیکە دۆخمان باشترە، بەڵام زۆربەى بانکە عێراقییەکان حەواڵەیان لە 50% و زیاتر دابەزیوە، بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەکردن کە زیاتر چین و هیندستان دەگرێتەوە."
بازرگانان دەبێت لە رێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە داوای کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی بکەن و حەواڵەکەیان بۆ هاوردەکردنی کاڵا ئەنجام بدرێت.
بەگوتەی سەروەت جاف، بەشێک لە بازرگانان پەنا بۆ دەروازە وشکانییەکانی عێراق دەبەن بۆ هاوردەکردنی کاڵا بە دۆلاری بانکی ناوەندی، هەندێک لە بازرگانانی دیکەش مامەڵەی هاوردەکردنیان بۆ ئەو کاڵایانە کردووە کە ئەگەر هەیە دوو بۆ سێ مانگی دیکە بگەن، بەو هیوایەی کە جەنگ بوەستێت.
بەر لە جەنگ، بانکی ناوەندی رۆژانە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران و بازرگانان دەفرۆشت، ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە، هاوسەنگیی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار رادەگرێت، دوای دەستپێکردنی جەنگ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە و 100 دۆلار لەنێوان 155 بۆ 153 هەزار دینار بووە.
ئەو دینارەی بانکی ناوەندی لەو رێگەیەوە دەستی دەکەوێت، سەرچاوەی نەختینەی وەزارەتی دارایییە بۆ دابینکردنی خەرجیی مانگانە.
عەلی ناجی، بەڕێوەبەری روانگەی ئیکۆ عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دوای دەستپێکردنی جەنگ، پەیوەندیی بە زۆریی خواست لەسەر دۆلار و کەمبوونەوەی لە بازاڕدا هەیە، وەبەرهێنەر، بازرگان و هاووڵاتییان پارەی هەڵگیراویان دەکەن بە دۆلار لە ترسی ناجێگیریی بەهای دینار، ئەوە جگە لەوەی بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە خستنەڕووى دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ بازاڕ کەم بووەتەوە، کە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینارە.
حکومەتى عێرق مانگانە پێویستى بەزیاتر لە 11.7 تریلیۆن دینارە بۆ سەرجەم خەرجییەکانى کە زۆرینەى ئەو نەختینەیە لە رێگەى فرۆشتنى دۆلارى داهاتى نەوتەوە دەستبەردەکرێت، بەڵام دەبێت فرۆشتنى ئەو دۆلارە بە رێکارەکانى بانکى ناوەندى تێپەڕبن.