ئومێد خۆشناو: بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کۆگایەکی رۆن لە هەولێر و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر. پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هێرشەکان بوونە تەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و تیمەکان ناچار بوون لە شوێنی رووداوەکە بکشێنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، "هێرشی یەکەم کاژێر 07:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە. دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، کاژێر 08:40 و لە کاتی کارکردنی تیمەکاندا، درۆنی دووەم هەمان شوێنی پێکا. زنجیرە هێرشەکان نەوەستان و کاژێر 10:20ـی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە کۆگاکەی دا."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بە گشتی سێ درۆن بەر کۆگاکە کەوتوون و درۆنێکی دیکەش پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لە ئاسماندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقێندراوەتەوە."
سەبارەت بە کشانەوەی تیمەکانی فریاگوزاری، ئومێد خۆشناو گوتی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی، داوامان کرد لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێجار بۆردوومانکردن و گەورەیی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت."