ساڵی رابردوو نزیکەی 177 هەزار کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا DİSK راپۆرتی پێشێلکارییەکانی دژی کرێکاران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی 2020دا نزیکەی 177 هەزار کرێکار لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و تاوەکو ئێستاش بێکار ماونەتەوە. 
 
فیدراسیۆنەکە پشتی بەزانیاری و داتاکانی CİMER بەستووە، کە ماڵپەڕێکی فەرمییە و لە ساڵی 2015ەوە دامەزراوە و تایبەتە بە وەرگرتنی سکاڵای کرێکاران و هاووڵاتیان و گەیاندنیان بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە ساڵی 2020دا و بە ئاگاداری حکومەت، 176 هەزار و 662 کرێکار  لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. 
 
بڕگەی دووەمی ماددەی 25ی یاسای کار لە تورکیا، کە بە کۆدی-29 ناسراوە، تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی مامەڵەی کرێکار. 
فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی رەنجدەرانی تورکیا دەڵێت، ئەو بڕگەیە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن خاوەنکارەکانەوە دژی کرێکاران بەکاردەهێندرێت و لەسەر ئەو بنچینەیە کرێکارەکان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو ماددەیە، خاوەن کار پێویستە روونکردنەوە پێشکێشی حکومەت بکات لەکاتی بەکارهێنانی کۆدی-29 و بەرەزامەندیی حکومەت ئەنجامی بدات. 
 
سەرباری ئەوەی حکومەتی تورکیا بڕیاری راگرتنی کارکردن بەم بڕگەیەی داوە لە سەردەمی کۆرۆنادا، بەڵام کرێکارەکان لە هەردوو سێکتەری گشتی و تایبەتدا بەردەوام لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە. 
 
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی DİSK، 34 هەزار و 145 کرێکاریان ژن و 142 هەزار و 517 کرێکاریش پیاو بوون. رۆژانەش تێکڕا 491 کرێکار و مانگانە 14 هەزار و 772 کرێکار لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. 
 
بەگوێرەی یاسای کار لە تورکیا، هەر کرێکارێک بە کۆدی-29 لە کار لاببرێت، بێبەش دەبێت لە پێدانی مافی قەرەبووی کارکردن و مافەکانی دیکەی کرێکار.
 
لە ماوەی یەک ساڵدا 861 کرێکار لە باکووری کوردستان و تورکیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە ماوەی یەک ساڵدا 861 کرێکار بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکار و ئاسایشی کاری ئەنقەرە بەبۆنەی 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران لە راگەیێندراوێکدا داواکاریی هاوبەشی کرێکارانی لەبارەی  تەندروستی و ئاسایشی کار بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە رۆژی 11ی ئاداری 2020 کە تێیدا یەکەمین توشبوو بە کۆرۆنا لە تورکیا تۆمارکرا تاوەکو 10ی ئاداری 2021 لانیکەم 861 کرێکار بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کۆرۆنا کراوە بە نەخۆشیی چینی کرێکاران و لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا کارگە، گەنجینە، شوێنەکانی بیناسازی، مارکێت، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لەو شوێنانە بوون کە زۆر بە خێرایی ئەو پەتایەیان تێدا بڵاوبووەتەوە.  
 
ئەنجوومەنی تەندروستی کرێکار و ئاسایشی کاری ئەنقەرە داوا دەکات، ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا تووشی کۆرۆنا بوون و بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە وەک گیانلەدەستدان بە رووداو لە کاتی کارکردن و نەخۆشی پیشە وەربگیرێن.