تەرمی شەهید نەقیب پشتیوان زراری بەخاکسپێردرا

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە پێشمەرگە شەهیدەکانی هێرشەکەی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە پردێ، شەهید نەقیب پشتیوان زراری بوو کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شوێنی لەدایکبوونی بەخاکسپێردرا.
 
شەهید نەقیب پشتیوان زراری خەڵکی گوندی کودەریانە لە دارەشەکرانی پارێزگای هەولێر. شەهید نەقیب پشتیوان زراری تەمەنی 41 ساڵ بوو و نەقیب بووە لە لیوای 10ـی هێزی پێشمەرگە و کۆلێژی سەربازیی تەواو کردووە و، چوار منداڵی هەیە.
 
لەکاژێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1-5-2021 لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.
 
دوو بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. 
 
خاڵەکەی پێشمەرگە نزیکە لە سەنگەرێکی سوپای عێراق، پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەقە لە هەر سێ لاوە دروست بووە. ئەو سەنگەرەی پێشمەرگە دەکەوێتە نزیک بەرزاییەکانی زورگەزراو و شێراوە و نزیکە لە سەنگەرەکانی سوپای عێراق. لیوای 10ـی پێشمەرگەش لەو سەنگەرە جێگیرن. 
 
داعش لەگەڵ هێرشی سەر پێشمەرگە، چەند هێرشێکی دیکەیشی بۆسەر سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی لە خۆرئاوای کەرکووک ئەنجامداوە.