ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: شار و شارۆچکەکان سیمای شاریان پێوە نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە وێنەیەکی گەورە لە زیادەڕۆیی و گشت شار و شارۆچکەکان سیما و سیفەتی شاریان پێوە نەماوە.
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بۆ پلانسازیی شار بەو بڕوایە گەیشتووین کە ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو رۆڵە نابینێت ئەگەر ئەنجوومەنێکی بچووکی پسپۆڕ نەبێت. بۆ ئەوەی ئەو ئەنجوومەنە بتوانێت لەگەڵ پلانسازی و گۆڕانی شاردا چارەسەر ببینێتەوە و ببێتە فریادڕەسێک، چونکە ئێستاکە هەرێمی کوردستان بووەتە وێنەیەکی گەورە لە زیادەڕۆیی و بێپلانی و لە سایەی ئەو بێپانییەوە گشت شار و شارۆچکەکان سیما و سیفەتی شاریان پێوە نەماوە."
زیاتر لە 20 ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان نەکراوە و هەر ئەنجوومەنە کۆنەکە لەسەر کارن. ئەنوەر تاهیر دەڵێت: "هەرێمی کوردستان زۆر لە هەڵبژاردن دەترسێت، لەژێر فشاردا نەبێت، هیچ هەڵبژاردنێک بەڕێوە ناچێت."
عومەر مەحوی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانییش دەڵێت: "ئێمە لە ساڵی 2004وە کە ماوەمان تەواو بوو، داوامان کرد دەست لە کار بکێشینەوە، بەڵام وەزارەتی شارەوانی پەسندی نەکرد و داوای لێکردین لەسەر کار بەردەوام بین."
رۆژی سێشەممە 2021/04/27 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە دەنگی لەسەر دوو پرس دا کە ئەوانیش بریتی بوون لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێی شارەوانیی سلێمانی و پێشنیازی زیادکردنی دوو ئەندام بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی.
ئارام جەمال، شارەزای هەڵبژاردن و لامەرکەزی هەبوونی دوو ئەنجوومەن لە شارێکدا بە باش نازانێت و دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستاندا هەوڵێکی شاراوە و شەرمن هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنە خۆجێیی و ئەونجوومەنی یەکە کارگێڕییەکان بسەنرێتەوە و بە دامەزراندن ئەنجوومەنی شارەوانی دروست بکرێت. من وا هەست دەکەم نۆژەنکردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بۆ ئەوە بێت رۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لاواز بکرێت. ئەگەر ئێمە بمانویستایە ئەنجوومەنێکی شارەوانیی بەهێز دروست بکەین تا ئەو رادەیەی جێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشی بگرتایەتەوە، دەبوو لە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 1993ـوە دەستمان پێبکردایە و بە شێوەیەکی باش هەموارمان بکردایەتەوە."
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییش گوتی: "ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر کاخەز دەسەڵاتێکی باش و فراوانی هەیە، بەڵام بە کردەیی 10٪ی دەسەڵاتەکانی جێبەجێ نەکردووە. ئەگەر حکومەت دەسەڵاتی بدایە بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە 10٪ی دەسەڵاتەکانیان جێبەجێ بکەن، ئێستا ئەم شارانەی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشتر و خۆشتردا دەبوون."
بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان کە ساڵی 1992 دەرچووە، ئەوە پۆلێن کراوە کە پایتەخت پلەی هەڤیاز (ممتاز)ـە و دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی 17 ئەندامی هەبێت، بەڵام پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پلەی نایابن و دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانییەکانیان 13 ئەندامیان هەبێت. پۆلێنەکەیش لە 5 ئەندامەوە دەست پێدەکات بۆ 17 ئەندام.
بەپێی یاساکە رێژەی 75٪ـی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بۆ سەرۆكایەتیی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25٪ـیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.