زۆربەی کرێکاران لە جەژنەکەیاندا لەسەر کار بوون؛ 'تەنیا ئاواتمان ئەوەیە کارمان هەبێت'

 
رووداو - سلێمانی

لە رۆژی خۆیاندا کە 1ی ئایارە، بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران لە کارکردن بەردەوام بوون. ساڵح عەبدوڵڵای 60 ساڵ لە 17 ساڵییەوە کرێکارە، تەنیا رۆژێک بە ناچاری پشوو وەردەگرێت، کە کاری دەستنەکەوێت، ئەو رۆژەش هەر لە خەمی قوتی خۆی و خێزانەکەیەتی.
 
ساڵح عەبدوڵڵا، کرێکار بو رووداوی گوت، "یەک دوو جار دەست و قاچم لە کاتی کارکردندا شکاوە و هیچم بۆ نەکراوە، نەشم زانیوە ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە، تەنیا ئاواتمان ئەوەیە کارمان هەبێت و بژێویی ژیانمان دابین بکەین و پێویستمان بە دەستی کەس نەبێت، بەڵام ئەوپەڕی چوار ساڵی دیکە بتوانین کرێکاری بکەین، دوای ئەوە دەبێت سواڵ بکەین، چونکە هیچمان نییە."
 
کرێکاران گرفتیان زۆرە و هەموو ساڵێک هەمان داواکاریی ساڵانی پێشوویان دووبارە دەکەنەوە، خەمی گەورەشیان ئەو ساتەیە کە ناتوانن کرێکاری بکەن، چونکە سەرچاوەی داهاتیان نامێنێت.
 
ئارام رەحیم، کرێکار دەڵێت، "چەندین کەس لەسەر بینا کەوتوونەتە خوارەوە و مردوون، مەگەر خاوەن بیناکە یان خاوەن کۆمپانیاکە لە چاکەی خۆی شتێکی بۆ خێزانەکەی کردبێت، ئەگەرنا هیچ مافێکمان نییە و حکومەت هیچی نەکردووە."
 
حامید مەحموود، کرێکار باس لەوە دەکات، "ئەوەی رۆژانە دەستمان دەکەوێت دەیخۆین و بەشی رۆژی دواترمان نییە، چینێکی هەژارین و هیچ مووچەیەکمان نییە، هەفتەى دوو جار بە 15 بۆ 20 هەزار دینار کار دەکەین، لە کاتێکدا چەندین جار بریندار بووم و هیچیشم بۆ نەکراوە."
 
کرێکارێکی دیکە بەناوی ئەبوبەکری میرزایی ئاماژە بەوە دەکات، 20 رۆژ بریندار بووە و نەیتوانیوە بچێتە سەر کار، کەسیش لێی نەپرسیوەتەوە و هیچ دەستەبەرێکیشیان نییە.
 
ئاماری جیاواز لەبارەى ژمارەى قوربانیانی رووداوەکانی شوێنی کارەوە دەخرێنەڕوو، بە جۆرێک کە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەڵێت، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا 14 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت شەش کرێکار.