مامۆستایەکی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستا حوسێن عەلیمرادی، پێشنوێژی مزگەوتی ئیبراهیم لە سنە بە بڕیاری دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان دەستبەسەر کرا.
مامۆستا حوسێن عەلیمرادی کە لەلایەن دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە بانگکرابوو بۆ هەمەدان، ئەمڕۆ چوارشەممە لەو شارە دەستبەسەر کراوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو مامۆستا ئایینییە رانەگەیێندراوە.
مامۆستا حوسێن عەلیمرادی پێشتر دووجار لە دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان دادگایی و سزا دراوە. لە 28-11-2023 بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بانگەشەکردن دژی دەسەڵات بە 16 مانگ بەندکران سزا دراوە. هەروەها لە 04-04-2023ش بە دوو ساڵ بەندکران بە شێوەی هەڵپەساردن سزا دراوە.
حوسێن عەلیمرادی لەو مامۆستا ئایینییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022دا پاڵپشتییان لە خەڵکی ناڕازی کرد و دژی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.