ژینگەپارێزی هەولێر: کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵڵا رانەگیراوە و 16 هەزار سەگمان کۆکردوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزیی هەولێر، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە راگرتنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵڵا دەکەن و دەڵێت: "هەڵمەتەکە بەردەوامە."
 
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ شێڵتەری هەولێر، پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکان وەستاوە، چونکە لەلایەن رێکخراوێکی بیانییەوە پارەکەی بۆ دابین دەکرا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستی، رۆژانە نزیکەی 40 بۆ 50 سەگ کۆدەکرێنەوە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزیی هەولێر، پارەی شێڵتەرەکان لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت، نەک رێکخراوەکان.
 
ژیار جەلال گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 16 هەزار سەگی بەرەڵڵامان کۆکردووەتەوە و نزیکەی 6 هەزار سەگیش نەزۆک کراون، ئەوانەی نەزۆک دەکرێن دواتر بەرەڵڵا دەکرێنەوە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو سەگەکان کۆدەکرێنەوە."
 
لە هەولێر شێڵتەری سەگی بەرەڵڵا لەلایەن پارێزگای هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ.
 
2023-07-08 وەکو یەکەم شوێن، لە گەڕەکی ژینی دارەتوو لە هەولێر، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵڵاکان کرا.