قایمقامی مەریوان گۆڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیاری وەزیری ناوخۆی ئێران و لەسەر پێشنیازی پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، قایمقامی شاری مەریوان گۆڕدرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکی ئایاری 2025، میدیای خۆجێی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، بە بڕیاری ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران و لەسەر پێشنیاری ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، نەژاد جەهانی لە شوێنی ئیسماعیل ئەحمەدی، قایمقامی پێشووی مەریوان، وەکو قایمقامی نوێی شارەکە دەستنیشان کرا.
بەپێی زانیارییەکان، نەژاد جەهانی، قایمقامی نوێی شاری مەریوان، هەفتەی داهاتوو دەستبەکاردەبێت.
نەژاد جەهانی، خەڵکی شاری بانەیە و پێشتر چەندین پۆستی لەسەر ئاستی ئێران و پارێزگاکانی سنە و ورمێ هەبووە.
جەهانی پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئێران پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی زیانەکان و جێگری بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیران بۆ کاروباری نۆژەنکردنەوە بووە. هەروەها ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی بانە و قایمقامی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ بووە.
پێشتر بە بریاری پارێزگاری سنە، قایمقامی شارەکانی، سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە، بیجار، دێوڵان و بانە دەستنیشانکراون.
ئێستا لە پارێزگای سنە، تەنیا پۆستی قایمقامیەتی دوو شاری سەوڵاوا و قوروە یەکلانەکراونەتەوە.