سەندیکای کرێکاران: بەشێکی زۆری کرێکاران رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کاریان پێ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ جەژنی جیهانیی کرێکانە و بەهۆیەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوەتە پشوو. بەرپرسێک لە سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو یاسای بەرکار بۆ مافی کرێکاران هیچیان وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن.
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ یەکی ئایار کەوتووەتە هەینییەوە، ئەگەرنا بەشێکی کۆمپانیاکان پابەندی سادەترین مافی کرێکاران نابن لەو رۆژەشدا پشوویان پێنادەن".
 
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، تاوەکو ئەمڕۆ یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39 لە ساڵی 1971ـی عیراق بۆ ماف و شایستەی کرێکاران, کاریان پێدەکرێت.
 
ناوپردانی گوتی: "دوای دەیان ساڵ هێشتا یاساکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن. لە یاسادا رۆژانە هەشت کاژێر و هەفتانە شەش رۆژ بۆ کاری کرێکاران دانراوە، بەڵام بەشێکی زۆری کرێکاران رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کاریان پێ دەکرێت، ئەوەش دژی هەموو یاساکانە".
 
ئەو ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی گوتیشی: "جەژن و بۆنەکان دەبێ بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوشێوەی کەرتی گشتی پشوو بێت، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو پشووانە تایبەت کراوە بە کرێکارانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لێی بێبەش کراوە".
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستبەری کار لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 303 هەزار کرێکار دەستبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و دوای خانەنشینبوون دەبنە خاوەن مووچەی خۆیان، تاوەکو ئەمڕۆش 1010 کەسیان خانەنشین بوون و مووچە وەردەگرن.
 
عەبدولقادر ناوپردانی گوتی: "ئەوانەی دەستبەریش دەکرێن یاساکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێ، مادام بوونە یاسایی دەبێ هەموو پشووە گشتییەکان ئەوانیش بگرێتەوە، جیا لەوە لە دەستبەرکردنیشدا ستەمیان لێ دەکرێت".
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران، "دەستبەرکردن نابێت لە مووچەی 450 هەزار دینار کەمتر بێ، بەڵام کۆمپانیا هەیە کرێی کرێکارەکەی زۆر لەوە زیاترە و هەر بەو پارەیە دەستەبەری دەکات، ئەوەش بۆ کرێکارەکە خراپە و داهاتوو بە مووچەیەکی کەم خانەنشین دەکرێ، ئەو کارەشی دەیکات کە بەنیوەی مووچەکەی دەستبەر دەکرێ نیوەکەی دیکەی بە کاری رەش بۆی دەژمێردرێ".
 
ئەم ساڵ 25 کرێکار لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە
 
بەگوێرەی ئاماری سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان و عێراق بۆ رووداو، ئەمساڵ 25 کرێکار لەکاتی کاردا لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە. لە سلێمانی  10 کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە کەرکووک 7 کرێکار، لە دهۆک سێ کرێکار، لە هەولێر دوو کرێکار، زاخۆ دوو کرێکار و لە هەڵەبجەش یەک کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 
سەندیکاکانی کرێکاران هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکار لە کاتی کاردا دەگێڕنەوە بۆ کەمتەرخەمی کۆمپانیاکان بە دابینکردنی کەرەستەکانی خۆپارێزی و بەشێکیشی بەهۆی پابەندنەبوونی خودی کرێکارەکەیە بە خۆپارێزی.