لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گەرمیان منداڵێک گیانی لەدەست دا و شەشی کەسی دیکە بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، منداڵێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی روویداوە. هاتووچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، "لەسەر رێگەی کەلار – دەربەندیخان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون".
 
رووداوەکە نزیک ناحیەی باوەنوور لە سنووری قەزای کەلار روویداوە. بەگوێرەی هاتووچۆی گەرمیان، شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە.
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە منداڵێکی چوار ساڵانە. ئەوانەی برینداربوون لە دایکبووی 2021، 2002، 2001، 1997، 1971 و 1966ن.
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە رووداوی گوت، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کراون لە ناحیەی باوەنوور، دواتر یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی فریاکەوتنی کەلار کراوە.
 
بەگوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018وە تاوەکو مانگی ئابی 2025 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار 646 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 3137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.