ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە

رووداو - هەولێر

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمساڵ ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی ناکاتەوە و تەنیا لە مەڵبەند و کۆمیتەکان یادی 43 ساڵەی دەکاتەوە. 


ئەمڕۆ یەکی حوزەیران لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یادی دامەزراندنی دەکاتەوە، کە بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی پێشووی سکرتێری گشتی ئەو حیزبە ئەمساڵ جیابوونەوەی خۆی راگەیاند و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراند و بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کرد. 

یەکێتی لە 43 ساڵی رابردوو تەنیا سێ کۆنگرەی بەستووە و دوای کۆچی دوایی مام جەلالیش هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنگرە و چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی بێ وەڵام ماوەتەوە.  

لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا لە گەڕەکی ئەبوو روومانەی دیمەشق، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامدرا و پرۆژەی دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەڵاڵە کرا.

کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراو لە رۆژی 1-6-1975بەفەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندرا.

یەکێتی لە یەکگرتنی 3 رێکخراوی جیاواز دروستبوو، ئەوانیش کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و‏ هەروەها ئەو کەسانەی نە سۆسیالیست و نە کۆمەڵەش بوون پێیان دەگوترا خەتی گشتی. 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستوون، وەک کۆنفرانسی کۆمەڵە لە ساڵانی 1983 و 1984ھەروەھا کۆنفرانسی ھەردوو باڵی ناو ‏یەکێتی - خەتی گشتی و بزووتنەوەی سۆسیالیست دوای جیابوونەوەی بەشێکی بزووتنەوەی سۆسیالیست لەناو یەکێتی، لەو کۆنفرانسە ‏ھەر دوو باڵەکە یەکیان گرت و ناویان نا یەکێتی شۆڕشگێران. یەکێتی بووە دوو باڵ. یەکێتی شوڕشگێران و کۆمەڵەی ‏رەنجدەران.

دوای 17 ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە 28-1-1992 ئەنجامدا، ھەر دوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردوو باڵەکە درا و جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەمی یەکێتی لە 30-1-2001 و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها دوای 9 ساڵ لە 1-5-2010 کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسترا و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتی.

مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

کۆنگرەی یەکەم 

28-1-1992
دوای 17 ساڵ
سلێمانی - هەولێر
جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی

کۆنگرەی دووەم

30-1-2000
سلێمانی
دوای 9 ساڵ
جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی

کۆنگرەی سێیەم

1-5-2010
سلێمانی
دوای 9 ساڵ
جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لەسەرکردەکانی دیکەی یەکێتی و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 25ـی تەمموزی 2009، بەشێکی زۆری بنکەجەماوەرییەکەی دابەشکرد و باڵێکی گەورەی یەکێتی جیابووەوە.

دواتریش بەهۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلال ناکۆکی تازە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەری هەڵدایەوە و تاوەکو لە یەکی ئەیلوولی 2016 ناوندی بڕیار لەنێو یەکێتیدا درووستبوو، کە کۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح جێگرانی یەکەم و دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتییان دەکرد و ژمارەیەک مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی یەکێتی تێیدا بوون، لە بەرامبەردا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی خۆی بە زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی ناساند. 

دواتر بەرهەم ساڵح بە تەواوی وازی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێنا و لە هەڵبژاردنی 12ـی ئایار وەک قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریکرد و دوو کورسی بەدەستهێنا.

ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی دوایین هەڵبژاردن 18 کورسی بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، لە پەرلەمانی کوردستانیش لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی 2013 دا، 18 کورسی بەدەستهێنا.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن