دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان باندێک بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێرەکانی تاقیکردنەوە دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سێ تۆمەتباری دەستگیر کردووە و دەڵێت، هەوڵیانداوە خوێندکاران فریو بدەن کە پرسیاری پۆلی 12ـی ئامادەیی دەفرۆشن بە رێگەی مامەڵەی ئۆنلاین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01-06-2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی راپەڕین و پاش وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، سێ تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "خوێندکارانیان فریوداوە" و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەفرۆشن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە؛ ئەو سێ کەسەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیری کردوون کاریان فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن بووە و دەستیش گیراوە بەسەر:
- ئامێری پەیوەندیکردنی ( بێسیم ) بە شێوەی شاراوە لە جلوبەرگی ژێرەوەی پیاوان و ژنان دانرابوون.
- بیستۆک ( سەماعە ).
- قەڵەم جافی قۆپیکردن.
- ئامێری پشکنین.
تۆمەتبارەکان بریتین لە ( ش ، ع ، ر )، ( ە ، م ، ح ) و ( ش ، ف ، ک ) کە تەمەنیان لەنێوان 20-25 ساڵدایە و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، هەروەها ئامێرەکانیان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق هێناوە و هەوڵیانداوە لە رێگەی ئۆنلاین ساخیان بکەنەوە. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایش.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە سەرجەم خوێندکاران و دەڵێت، "هۆشیاربن و فریو نەدرێن بەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پۆلی 12 دەکرێت، هەروەها بەدووربن لە هەر ئامێرێکی قۆپیکردن لە پێناو بەدیهێنانی کەشێکی ئارام و تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو."