ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: تورکمان و عەرەب هۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتی دەڵێت، تورکمان و عەرەب هۆکارن بۆ کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا. دەشڵێت، "پارتی بۆ پۆستی پارێزگار دەبێت سەرەتا لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوێت، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە."
رۆژی هەینی 31-05-2024 ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "رژدین لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت و یەکێتی وەریبگرێت."
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا تێدەپەڕێت، بەڵام دوای دەستوەردانی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سێ جار کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگاکە کۆنەبووەتەوە. ئەحمەد کەرکووکی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بە هۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەن دەزانێت و دەڵێت، "ئەوان پێیانوایە دەبێت رێککەوتنی سیاسی بکرێت، دواتر ئەنجوومەن کۆببێتەوە."
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسیی هەیە، یەکێتى کە زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە و خاوەنی پێنج کورسییە، داوای پۆستی پارێزگار دەکات. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە گوتی، "ئەوەی یەکێتی داوای دەکات، مافێکی رەوایە و خەڵک لە کەرکووک بە ئێمەی داوە."
پارتى دوو کورسی ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە 6 کورسی، تورکمان دوو کورسی و کریستیانەکان یەک کورسیی کۆتایان هەیە.
ئەحمەد کەرکووکی جەختی لەوە کردەوە، "دەمانەوێت رێز لە دەنگی خەڵک بگرین، کە ئێمەی کردووە بە حیزبی یەکەم، بۆیە تاوەکو ئێستاش هەر رژدین لەسەر ئەوەی مافی خۆمان وەربگرین و پارێزگارێک دابنرێت کە ببێتە برا گەورەی هەمووان و خزمەتکاری هەموو لایەنە سیاسییەکان."
بەرەی تورکمانی پێشنیازی کردووە هەر 16 مانگ پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن لەنێوان کورد، عەرەب و تورکماندا دەستاودەست بکرێت، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرەڕای جەختکردنەوە لە پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بێت دەڵێت، "لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکدا نین کە تاکڕەوانە بێت، بەڵکو لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکین کورد، تورکمان و عەرەب تێیدا بەشدار بن."
هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی کردووە کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرێت کە بێلایەن بێت، ئەحمەد کەرکووکی گوتی، "دەبێت پارتی دان بەو راستییەدا بنێت کە یەکێتی لە کەرکووک حیزبی یەکەمە، هیچ عەقڵییەتێکی تێدا نییە یەک کورسی هاوتای پێنج کورسیی بەهێزی یەکێتی دابنرێت، ئەمە لە ناوچە دابڕێندراوەکان و کەرکووک زیان بە دۆزی کورد دەگەیێنێت." گوتیشی، "دەبێت پارتی سەرەتا لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوێت، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە."
بە گوتەی ئەحمەد کەرکووکی دانانی کەسێکی بێلایەن بۆ پۆستی پارێزگار پڕۆسەی دیموکراسیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، "[پۆستی پارێزگار] مافی خۆمانە، بۆچی داوای کەسێکی بێلایەن دەکرێت لە کاتێکدا ئێمە زۆرینەین. ئێمە ئەزموونی کوردی بێلایەنمان لەم شارەدا زۆر بووە، ئەگەر کوردێک بیەوێت لەم گەلە گورگەدا بڕیارێکی چارەنووسساز بدات، ناکرێ حیزبێکی لەپشت نەبێت و دەیخۆن."
هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک نەخشە و خشتەیەکی ئاڵۆزی هێناوەتە کایەوە، جگە لەوەی هیچ کام لە پێکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمان زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستنەهێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەکە یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بەبێ ئەوانی دیکە بتواندرێت رێکارەکانی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگار تەواو بکات.