گەنجێکی هەولێر خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی پارێزگایەکی ئەڵمانیا بەربژێر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا هانی کۆچی یاسایی دەدات و هەوڵدەدات دەستی کار بباتە ناوەوەی وڵاتەکەی. هاوکات هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی؛ بۆیەش بڕیاری داوە جگە لە نەمسا، لەگەڵ چیک و پۆڵەند و سویسراش تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنینی سەر سنوور بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی درێژ بکاتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی بە شێوەی یاسایی چووەتە ئەڵمانیا و لەوێ بە خوێندن و کاریگەریی خۆی و بە ماوەیەکی کەم بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو، خەڵات کەریمە، کە ئێستا لە رێکخراوی بوندەهاوس دیاکۆنیا بەڕێوەبەری بەشی رێنوێنیی دەروونی و کۆمەڵایەتییە. بڕیاریشە ئەمساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەو هەرێمەدا بکات کە تێیدا دەژی، بۆئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا.
خەڵات کەریم شێروانی، خەڵکی شاری هەولێری باشووری کوردستانە و ئێستا دانیشتووی شاری تۆپینگنە لە هەرێمی بادون بوتنگبێرگە لە ئەڵمانیا. دوای تەواوکردنی بەشی ئەدەبیات لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە دەزگای روانگە کاری کردووە و دواتر لە رێگەی پڕۆژەی تواناسازی دادی ئەڵمانیا بۆ خوێندنی ماستەر روودەکاتە ئەڵمانیا و ئێستا بووەتە هاووڵاتیی ئەو وڵاتە.
خەڵات ئێستا خۆی بەربژێر کردووە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شاری تۆپینگن لەسەر لیستی تۆپینگنە و لیستەکەیان پێکهاتووە لە چەندین پسپۆڕی جیاجیا، جگە لە ئەڵمانە رەسەنەکان چەندین کەسی بیانی دانیشتووی ئەڵمانیا لە نەتەوە و رەگەزی جیاواز پێکەوەن، ئێستا خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنن کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و دەیانەوێت ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەکە.
ئەو گەنجە کوردە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، لەو بارەیەوە گوتی، گرنگە خەڵک، بەتایبەتی کوردی دانیشتووی هەرێمەکە بەشداریی لە دەنگداندا بکەن. داواش دەکات دەنگی پێبدەن و دەڵێت، "دەمەوێت زمانحاڵی کوردی ناوچەکە بم، لە کاتێکدا نزیکەی 30%ی خەڵکی پارێزگای توبینگن کوردن، کە پێکهاتووە لە 15 شارو شارۆچکە."
خەڵات کە ئێستا ماستەری دووەم دەخوێنێت لە بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیدا، دەڵێت، "دەمەوێت بچمە نێو سیاسەتی ئەڵمانیا، چونکە سیاسەت پڕۆژە و پێشکەوتنە و گرنگە بۆ پێشکەوتن، بۆیە بڕیارم دا منیش بچمە نێو ئەو پرۆسەیە و بەشداری بکەم، لەو رێگەیەوە هاوکاری کوردی دانیشتووی هەرێمەکە بکەم و پشتیوانی کۆچبەران بکەم، وەکو چۆن لە رێکخراوەکەماندا پشتیوانیمان کردوون."
هەروەها روونیکردەوە، دیاسپۆرای کوردی لە شاری توبینگن لە سیاسەتدا چالاک نین، ئەوانەی لەگەڵ رێکخراوەکاندا کار دەکەن ژمارەیان کەمە، بەڵام لە کاری سەربەخۆ زۆر چالاکن و ئیشکەرن، بۆیە دەیەوێت بە گەیشتنی بە ئەنجوومەنی شاری توبینگن کوردی دیکەی پارێزگاکە هانبدات و ئەوانیش لە داهاتوودا ببنە ئەندامی ئەنجوومەنەکە.
خەڵات کەریم ژمارە 39یە بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی توبینگن و هەروەها ژمارە 13یە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.