لەنزیک ئامادەییەکی کچان لە سلێمانی تەرمی کچێک دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

تەرمی کچێک کە تەمەنی لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ دەبێت لەبەردەم باڵەخانەیەک لەنزیک ئامادەیی شیرینی کچان لە سلێمانی دۆزرایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەو باڵەخانەی کچەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، کاری تێدا دەکرێت، ناشزانرێت ئەو کچە کەوتووەتەخوارەوە، خۆی کوشتووە یان کوژراوە.

کچەکە ناسنامەی پێ نەبووە و تاوەکو ئێستا نەناسراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پۆلیسەوە دەست رووداو کەوتووە، کچەکە تەنیا مۆبایلێکی پێبووە، ئەویش قفڵ بووە و تائێستا نەتوانراوە بکرێتەوە بۆئەوەی لەڕێگەیەوە ناسنامەکەی بزانن.

رووداوەکە لەنێوان کاژێر 05:30 بۆ 06:00ی ئەم بەیانییە بووە و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس بەردەوامن.