هاونیشتمانییەک لە کرماشان: بەڵگەم هەیە لە منداڵە ونبووەکانی کۆڕەوم

 
رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن 34 ساڵ کە خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەڵێت، یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991ـە. گوتیشی، ''بەدوای کەسوکارم و ناسنامەی خۆمدا دەگەڕێم، دەمەوێت لە رێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ کارەکانم بکرێت.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-06-2025، کچێک بە ناوی مەعسوومە میربەگی، تەمەن 34 ساڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەڵەبجە رایگەیاند، ساڵی 1991 لە کەمپێکی ئاوارەکان بە ناوی ''ئاوارەکانی هەڵەبجە'' لە شاری گیەڵانی کرماشان (گیەڵانی رۆژئاوا) لە ئاوارەکانی ئەوکاتی باشووری کوردستان جێماوە.
 
مەعسوومە میربەگی بە زمانی فارسی قسەی کرد و گوتی: ''ئێستا نزیکەی حەوت ساڵە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق هیچ هاوئاهەنگییەکی لەوبارەوە لەگەڵ نەکردووم.''
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ''دەمەوێت کارەکانم لە رێگەی یاساییەوە بەرەو پێشەوە بچن، تەواوی کارە یاساییەکانم لە ئێران تێپەڕاندووە، ئێستا چاوەڕوانی وەڵامم لەلایەن ئێرەوە (هەرێمی کوردستان و عێراق) .''
 
هاوکات ئەو هاونیشتماییە قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ''من تەنیا بەدوای کەسوکارم و ناسنامەمدا دەگەڕێم، لەوە زیاتر هیچم ناوێت کە لەڕووی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ کارەکانم بکرێت''.
 
مەعسوومە میربەگی ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئێستا لە کرماشان دەژیم، شەش یان حەوت ساڵە زانیومە کە لە منداڵە ونبووەکانم، هەر لەوکاتەوە دەستم بە بەدواداچوون کردووە و کارە یاساییەکانم لە ئێران جێبەجێ کردوون.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هاونیشتمانییە کۆرپەیەکی تەمەن یەک مانگ بووە کە ساڵی 1991 لەلایەن سەربازێکی ئێرانییەوە لە کەمپی ئاوارەکان دۆزراوەتەوە و نێردراوەتە بەشی منداڵانی بێسەرپەرشت لە کرماشان، دواتر خێزانێکی گیەڵانی-کرماشانی ئەرکی بەخێوکردنیان گرتووەتە ئەستۆ.
 
ساڵی 1991 یان ''ساڵی کۆڕەوەکە''، بە هەزاران کەس لە ترسی هێرشی پێچەوانەی رژێمی بەعس لە کاردانەوەی راپەڕینی ئاداری هەمان ساڵ، بە پێ ملی رێگەیان بەرەو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتەبەر، بۆ ئەوەی پەناگەیەکی ئارام بدۆزنەوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوکات بەهۆی برسێتی و نەبوونی دەرمانەوە، زۆربەیان، بەتایبەتیش منداڵان تووشی سکچوون، هەوکردنی سییەکان و بەدخۆراکی بوون و بە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، ئەوەش بووە هۆی بێسەرپەرشتبوونی ژمارەیەکی دیکە لە منداڵی ئاوارەکان.
 
هەروەها لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەشدا لەلایەن رژێمی بەعسەوە، جگە لە شەهیدبوونی زیاتر لە 5000 کەس، چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان و تەنیا چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەتەوە.