هێزێکی پێشمەرگەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان شاخەوانەکانی سنووری هەڵەبجەیان رزگارکرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای شەوێک مانەوە و نەتوانین بۆ گەڕانەوە، شەش شاخەوان لە سنووری چیای سوورێن لە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەکەنی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە رزگار کران.
رائید ماجی محەممەد، فەرماندەی فەوجی سوورێنی هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو بەڕێکەوتین بۆ رزگارکردنی شاخەوانەکان. دوای ماوەیەک رۆیشتن بە ئۆتۆمبێل، چوار کاژێر بە پێ رۆشتین تاوەکو گەشتینە لای شاخەوانەکان".
شاخەوانەکان شەش هاونیشتمانیی سنووری قەزای خورماڵ بوون و دوێنی چووبوونە چیای سوورێن، ماندووبوون و هەڵەکردن لە رێگەکە بوو بە هۆکاری ئەوەی داوای بە هاناوە چوون بکەن.
فەرماندەکەی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی: "شوێنی شاخەوانەکان زۆر سەخت بوو، دواتر هەندێک شاخەوانی دیکەش هاتن و پێکەوە هەموویانمان رزگار کرد و دوای کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ گەیشتینەوە خوارەوە".
لەبارەی تەندروستیی شاخەوانەکان، رائید ماجی گوتی: "بەهۆی سەختی رێگەوە قاچیان ئازاری هەبوو، بەڵام هیچ برینداربوونێکیان نەبوو، دۆخی تەندروستییان باشبوو".
چیای سوورێن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە. رائید زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "ئاگادارنەکراینەوە بۆ بەهاناوەچوونیان، بەڵکو بیستمان کە هێزێکی پێشمەرگەی سۆسیال دیموکرات رزگاریان کردوون".
سەرەتا گوترا بۆ بردنەخوارەوەی شاخەوانەکان هێلیکۆپتەر پێویستە لە سلێمانییەوە بچێتە سوورێن، بەڵام رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، هیچ کەسێک داوای هاوکاری و هێلیکۆپتەری لێنەکردوون.