بەغدا بۆ یەکەمجار بیرى نەوت لە ناوچەیەکى سنووری مادەی 140 لێدەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق بیرى دۆزینەوەى نەوت لە شوێنێک لێدەدات کە سنوورى مادەى 140ى دەستوورە و کەوتووەتە سنووری قەزاى خانەقین. ئەو هەنگاوە بۆ یەکلاکردنەوەى بوونى نەوت و ئاستى یەدەگەکەیەتى.
رۆژی یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانى 2025، وەزارەتى نەوتى عێراق گرێبەستێکى بیرلێدانى بۆ دۆزینەوە راگەیاند، کە پێگەیەک بە ناوى بیرى "کفری ئەلف"، کە لە نێوان هەردوو کۆمپانیاى نەوتى باکوور و کۆمپانیاى هەڵکۆڵین واژۆ کرا.
گرێبەستەکە وەک وەزارەتى نەوتى عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەشێکە لە جێبەجێکردنى کارنامەى حکومەت بۆ لێدانى 15 بیرى دۆزینەوە کە لەلایەن کۆمپانیاکانى سەر بەو وەزارەتەوە ئەنجام دەدرێت.
حەسەن محەممەد حەسەن، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان رایگەیاند، ئەوە یەکەم بیرە کە لە ناوچەکە لێ دەدرێت، بۆ زانینى ئەگەرى ئاستى هیایدرۆ کاربۆنە لەو ناوچەیە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمپانیاى نەوتى باکوور کە لە بەر هەستیارى پرسەکە نەیوست ناوى ئاشکرا بکرێت بە رووداوى گوت: "بیرى 'کفرى ئەلیف' دەکەوێتە باکوورى ناحیەى قەرەتەپە و نزیکە لە کێڵگەى نەوتى گلابات، پێشتر پسپۆڕانى جیۆلۆجى شوێنەکەیان دیاری کردووە بۆ ئەوەى بیرى تێدا لێبدرێت بۆ زانینى ئەگەرى ئەوەى نەوتى تێدایە یان نا، ئەو ناوچەیە بە نەوتى سووک و گاز ناسراوە".
کێڵگەى گلابات کە نزیکە لەو شوێنەى بیرەکەى تێدا لێدەدرێت، لە سنوورى پارێزگاى دیالەیە و ساڵى 2023 و لە چوارچێوەى گەڕى پێنجەمى گرێبەستەکانى نەوت دراوە بە کۆمپانیاى کرێسێنت پێترۆڵیۆمى ئیماراتى.
ساهیر عەلى، قایمقامى کفرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو ناچەیەى کێڵگەى گلاباتى لێیە سەر بە ناحیەى جەبارەى سنوورى قەزاى خانەقینە و ناوچەیەکى سنوورى مادەى 140ى دەستوورە، ئێستا لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى عێراقە.
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست رووداو کەوتوون، زیاتر لە 570 پێگە لەلاى وەزارەتى نەوت تۆمارکراون وەک ئەو شوێنانەى ئەگەرى بوونى نەوتیان تێدایە، تاوەکو ئێستا لەو ژمارەیە لە 78 پێگەیان بیرهەڵکەندراون.
د. گۆڤەند شێروانى، پسپۆڕى نەوت بە رووداوى گوت: "ئەو جۆرە بیرلێدانە بە ئەگەرى بێهێزى بوونى نەوت ناودەبرێت و بۆ دۆزینەوەى نەوت و زانینى ئاستى بەرهەمەکەیەتى، تاوەکو چەند بیرێک لێنەدرێت کە نەوتى تێدابێت بە کێڵگە ناو نابرێت، هەر بیرێک پێویستى بە هەڵکۆڵینى زیاتر لە دوو هەزار مەترە بۆ گەیشتن بە نەوت یان زانینى ئەوەى نەوتى تێدایە".