دواکەوتنی مووچە خواستی لەسەر جلی دەستی دوو زیاد کردووە؛ "بەپێی بەڕەکەی خۆت پێ راکێشە"
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی لەنگە و جلوبەرگی ژنان و منداڵانی سلێمانی گەرموگوڕە، چونکە ئەو شتانەی لەو بازاڕە دەفرۆشرێن نرخیان کەمە و زۆرینەیان هەڕاجن. خواستی زۆر لەسەر جلوبەرگی هەرزانە و فرۆش بەراورد بە جلوبەرگی گران یەک بە دەیە.
محەممەد جەلال، دووکاندار ئاماژە بەوە دەکات، "بازاڕی شتی گران نەماوە، تاوەکو یەک شتی گران دەفرۆشم 10 شتی هەرزان دەفرۆشم و ئەوەی گرانەکەیش دەکڕێت بۆ بۆنەیەکی زۆر گرنگ نەبێت نایکڕێت."
پەیام تاڵب، خوێندکار دەڵێت، "دەبێت بەپێی بەڕەکەی خۆت پێ راکێشیت، منیش ناچم 50 هەزارم پێبێت و بایی 100 هەزار بکڕم."
ئاسیا لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی ماڵەوەیان بۆ ئامادەکاریی جەژن چوونەتە بازاڕی سلێمانی، دابەشنەکردنی مووچە وایلێکردوون بگەڕێن بۆ ئەو شمەکانەی نرخیان کەم و گونجاوە. بۆ جلی جەژنی ئەیمەن، بەراورد بە جەژنی رەمەزان، جلێکی نوێیان بە نیوەی نرخی جەژنی پێشوو بۆ کڕیوە.
ئاسیا سابر، کابانی ماڵ ئاماژە بەوە دەکات، "لەبەر نەبوونی مووچە، شتی هەرزان دەکڕین. جەژنی پێشوو مووچە هەبوو بایی 60 هەزار جلم بۆ کڕی، بەڵام ئەمجارە بایی 30 هەزار."
بازاڕی جل فرۆشانی پیاوان، ئەوانەی نرخیان مامناوەند و بەرزە، کڕیار تێیدا کەم و فرۆش تێیدا کەمتر لە 40%ـە. بە گوتەی خاوەنکارەکانی ئەو گوزەرەی بازاڕی سلێمانی، نەبوونی دڵنیایی لە مووچە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر فرۆشی کاتی بەرە جەژنان هەیە.
عیماد حەمە، دووکاندار دەڵێت، "جاران تاوەکو موشتەرییەکی تایبەتم دەهات 10ی بێگانە دەهاتن، بەڵام ئێستا بێگانەکە هەر نەماوە و بازاڕ زۆر خراپە."
دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی، بازاڕی کاڵا و شمەکی دیکەشی تووشی شۆک و کەم فرۆشی کردووە.