لە کەرکووک سێ تەقینەوە روویاندا

رووداو - کەرکووک 

کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سێ تەقینەوەی جیا جیا لە کەرکووک روویاندا، تەقینەوەکە ئەو کۆگایانەی کردووەتە ئامانج کە  سندووقی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی تێدابووە. 

هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-7-2018، سێ تەقینەوە کەرکووکیان هەژاند و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و چەند چەکدارێکی نەناسراو روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون".

هاوکات عەمید ئەفراسیا و کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم کۆگای دانانی سندوقەکانی دەنگدان کە هاوکات کۆگای هەڵگرتنی فەرمانگەی خۆراکی کەرکووکە لەگەڕەکی واستی تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە یەک کەس لەهێزە ئەمنییەکان کوژراوە و 21ـی دیکەش برینداربوون".

هاوکات لیوا مەعن ساعدی، فەرماندەی سەپاندنی یاسا لەراگەیێنراوێکدا رایگەیاند"تەقینەوەکە خۆکوژی بووە و هەوڵ دراوە گەمارۆی ئەو کۆگایانە بدرێ بەڵام هێزەکانیان توانیویانە شکست بەو هەوڵە بهێنن و بەگیانی خۆیان پارێزگارییان لێکردوون".

پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەقینەوەی یەکەم لە نزیک هۆڵی وەرزش و لاوانی کەرکووک لەبەرامبەر جەواهیر مۆڵ، کە ماوەی مانگێکە کۆمیسیۆن وەک کۆگا بەکاریهێناوە روویداوە و بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک زیان بەر کۆگاکە گەیشتووە، دوای تەقینەوەکەش دەستڕێژی گوللە کراوە.

هەروەها تەقینەوەی دووەم، لە بەردەم کۆگایەکی دیکەی کۆمیسیۆن لە گەڕەکی واستی لە باشووری کەرکووک بەهۆی بۆمبی چێنراو روویداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان بە دروستی نەزانراون.

سەبارەت بە تەقینەوەی سێیەم، پەیامنێری رووداو گوتی، تەقینەوەی سێیەم لە گەڕەکی عەسکەری شاری کەرکووک بووە و کە بەهۆیەوە دوو نارنجۆکی دەستی بە دەرگای کۆگایەکەوە بەستراوە و دوای تەقینەوەکەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەند چەکدارێکی نەناسراو کە تاوەکو ئێستاش نەزانراوە کێن روویداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی دوو رۆژە مەعن سەعدی، فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق و حاکمی سەربازی کەرکووک بۆ رێگریکردن لە جموجۆڵەکانی داعش لە باشووری کەرکووک پلانێکی ئەمنی راگەیاندووە. 

بەهۆی ئەو تەقینانەوە ئەمبوڵانسێکی زۆر بەرەو هەردوو نەخۆشخانەی ئازادی و کۆماری دەچن و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە. 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن